رووداو دیجیتاڵ
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی واشنتنی سەبارەت بە پاشەڕۆژی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا خستە ڕوو. ساڤایا ئاماژەی بەوە کرد کە باس لە هەنگاوەکانی گرووپە چەکدارەکان بەرەو داماڵینی چەک دەکرێت، کە ئەمەش "پەرەسەندنێکی ئەرێنی و هاندەرە"، بەڵام جەختی کردەوە کە تەنیا لێدوانی نیازباشیی بەس نییە و دەبێت کردار هەبێت.
نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی رۆڵی مەرجەعییەت و دەسەڵاتە ئایینییە باڵاکانی عێراقی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەوڵانە وەڵامدانەوەیە بۆ بانگەوازە مێژووییەکانی ئەوان. ساڤایا پێزانینی قووڵی بۆ "دانایی و سەركردایەتیی مەعنەوی مەرجەعییەت" دەربڕی و دەڵێت، "هەمیشە وەک قیبلەنما بوون بۆ نەتەوەکە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مارک ساڤایا جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆسەی داماڵینی چەک دەبێت گشتگیر بێت و بەبێ گەڕانەوە جێبەجێ بکرێت. ئەو گوتی: "پێویستە ئەم پڕۆسەیە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هەموو گرووپە چەکدارەکان لەخۆ بگرێت و گواستنەوەیەکی رێکوپێک و یاسایی بۆ ئەندامەکانیان بەرەو ژیانی مەدەنی زامن بکات. ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی روون و پابەندکەردا بێت".
ساڤایا ئاماژەی بە دەستووری عێراق کرد و رایگەیاند، هیچ لایەنێکی سیاسی یان تاکەکەسێک مافی نییە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا هێزی چەکداری هەبێت. ئەو دووپاتی کردەوە کە مافی هەڵگرتنی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە شەرعییە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا دەبێت، چونکە ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.
لە کۆتاییدا، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا هۆشداریی دا کە "عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەدایە؛ یان بەرەو سەقامگیری و سەروەریی یاسا هەنگاو دەنێت، یان لەناو بازنەی پارچەپارچەبووندا دەمێنێتەوە کە تێیدا گروپە نایاساییەکان سامانی نیشتمانی بۆ بەرژەوەندیی کەسی و ئەجێندای دەرەکی بەکاردەهێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ