عێراق
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە ئەمریکا دەکات، بەهۆی "ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی لە وڵاتەکەدا هاتووەتە ئاراوە،" چاو بە هۆشدارییەکانی گەشتکردن بۆ عێراق دا بخشێنێتەوە، هاوکات داوای کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە بەسرە دەکات.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە 02-12-2025 لە بەغدا پێشوازیی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی دۆخی سووریا و ئێران و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، هاوکات جەختی لە "پێویستیی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە پارێزگای بەسرە" کردەوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە بەرپرسە ئەمریکییەکە کرد، حکومەتەکەی چاو بە هۆشدارییەکانی گەشتکردن بۆ عێراقدا بخشێننەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی وڵات بەخۆیەوە دەیبینێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی ئاسانکاری بۆ دەرفەتی وەبەرهێنان و گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە عێراق.
سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی عێراق، فوئاد حوسێن باسی لە جووڵە سیاسییەکانی دوای هەڵبژاردن کرد و جەختی لە گرنگیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی بەگوێرەی ماوە دەستوورییەکان و رەچاوکردنی هاوسەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا کردەوە.
لای خۆیەوە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد عێراق لە بواری سەقامگیری و ئەمنی بەدەستی هێناون و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە؛ئاماژەیشی کرد بە گرنگی بەردەوامی هاوئاهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئابووریی، سیاسی و ئەمنییە هاوبەشەکان و جەختی لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی پەیوەندییەکی دوو قۆڵی ئەرێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ