پێشنیاز دەکرێت لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە گەشتیاران بفرۆشرێت

04-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
 ناوەندێکى ئابووریی عێراقى پێشنیاز دەکات لە فڕۆکەخانەکان راستەخۆ دۆلار بە نرخى فەرمى بە گەشتیاران بدرێت لەبرى ئەوەى لە رێگەى بەستەرى بانکەکانەوە بەر لە 48 کاژێر مامەڵەکانیان بکەن.
  
4ى کانوونى دووەمى 2024، ناوەندى عێراقى ئابووریى سیاسی، پێشنیازێکى لە بارەى دابینکردنى دۆلار بۆ گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان خستەڕوو، بەگوێرەى  پێشنیازەکە ئەو گەشتیارانەى کڕینى دۆلار بە نرخى فەرمى دەیانگرێتەوە، دینار لەگەڵ خۆیان ببەنە فڕۆکەخانەکان و دواى مۆرکردنى پاسپۆرت بۆ ئەو گەشتە، ئەو بڕە پارەیەى لەلایەن نووسینگەى بانکە رێگەپێدراوەکانەوە لە فڕۆکەخانە پێبدرێت، کە 24 کاژێر دەوام دەکەن، لەبرى ئەوەى پێشتر رێوشوێنەکانى وەرگرتنى ئەو دۆلارە بگرێتەبەر. 
 
بەگوێرەى رێوشوێنەکانى بانکى ناوەندیى عێراق، هەر گەشتیارێکى عێراقی دەتوانێت مانگى جارێک بڕى سێ هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى بۆ گەشتکردن وەربگرێت، کە 1310 دینارە بەرامبەر بە یەک دۆلار و لە رێگەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە پێیان دەدرێت لەدواى پڕکردنەوەى فۆڕمى تایبەت بە داواکاریى کڕینى دۆلار.
 
4ى کانوونى دووەمى 2024، ویسام حەدمەل حلو، سەرۆکى ناوەندی عێراقى ئابووریى سیاسی، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە گوێرەى رێوشوێنەکانى بانکى ناوەندی، گەشتیار بەر لە 48 کاژێر لە وادەى گەشتەکەى لە بەستەرى ئەلیکترۆنى تایبەت بە بانکە رێگەپێدراوەکان، فۆڕمى بەرایی وەرگرتنى ئەو بڕە دۆلارە پڕ دەکاتەوە و وادەیەکى بۆ دادەنرێت بۆ رۆژى دواتر و دەچێتە ئەو بانکە و ئەپڵیکەیشنێک پڕ دەکاتەوە و پسوولەیەکى دەدرێتێ بۆ ئەوەى بچێتە فڕۆکەخانە و لەوێ دۆلارەکە وەربگرێت، بەڵام ئەو بەستەرانە بۆ ماوەیەکى کەم دەکرێنەوە، یان ژمارەیەکى دیاریکراوى سەردانکەران وەردەگرن."
 
 سەرۆکى ناوەندى عێراقى ئابووریى سیاسی، ئاماژەى بەوەدا کە سکاڵایەکى زۆریان لە هاووڵاتیانەوە پێگەیشتووە بەوەى کە ناتوانن لە رێگەى ئەو بەستەرانەوە داواکارى پێشکێش بکەن و گوشارى لەسەرە و 70%ى ئەو کەسانەى کە گەشتیان کردووە نەیانتوانیوە لەو رێگەیەوە دۆلار بە نرخى فەرمى وەربگرن.
 
 بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى دەروازەى فرۆشتنى دراوەوە رۆژانە بڕێک دۆلار بە نرخى فەرمى دەخاتەڕوو، بەشێک لەو پارەیە بۆ حەواڵە و بازرگانى دەرەکى و بەشەکەى دیکەى بۆ فرۆشتنى نەختینەییە بە گەشتیاران.
 
ویسام حەدمەل حلو دەڵێت، "بەپێى ئەو پێشنیازەى کردوومانە، وەرگرتنى دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە 10 خولەک زیاترى پێناچێت و پارەى عێراقى رادەستى نووسینگەى بانکەکان دەکات لە فڕۆکەخانە و ئەوانیش پارەکەى پێ دەدەن".
 
 ناوەندى عێراقى ئابووریى سیاسی، لە ساڵى 2022 دامەزراوە و ناوەندێکى تایبەتە بە راوێژکاریى ئابووری و بازرگانی. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.