رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس دەڵێت، "شەهید بوونیان بەرزترین پلەی بەخشینە." ئەمریکا دەیەوێت ئەزموونی دیموکراسیی عێراق کەمبکاتەوە، هەروەها لەبارەی پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رایگەیاند کە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، (04-01-2023)، بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، دەستووری عێراق لەسەر بنەمای سیستمی دیموکراسی لە عێراق داڕێژراوە و لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ئازادیی گشتی بنیادنراوە.
سەبارەت بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، جاسم محەممەد عەبوود دەڵێت، دەستوور لە ماددەی 122دا باسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و دەسەڵاتی کارگێڕیی و دارایی فراوانی داوەتە پارێزگاکان کە لە هەرێمێکدا رێکنەخراون، بۆ ئەوەی کاروبارەکانیان لەسەر بنەمای لامەرکەزی کارگێڕیی بەڕێوەببەن، ئەوەش بە یاسا رێکخراوە.
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئەم دواییانە پەیامێک بوو بۆ هەموو وڵاتانی جیهان کە عێراق لەسەر بنەمای راست و چەسپاو بەرەو بنیادنانی دامەزراوە دەستوورییەکان رێدەکات، بۆ بنیادنانی سیستمی دیموکراسیی دروست و دامەزراوە دەستووریییەکان و دەسەڵاتە دەستورییەکان پیادە دەکەن.
هەروەها راشیگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە و شایستەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی خولیی، سێ گەواهی روون دەدات، یەکەم: دیموکراسی لە عێراق راستەقینەیە، نەک رووکەش. دووەم: عێراق بە حکومەت و گەل و ئاراستە سیاسییەوە بەرەوبنیادنانی راستەقینەی دیموکراسییە لەسەر بنەمای دیاریکردنی نوێنەرانی گەل بەشێوەیەکی ئازادانە. سێیەم: ئەم دیموکراسییە گەرەنتی ئەوەیە کە هەموو تاکێکی گەلی عێراق بەبێ هەڵاوێردن ماف و ئازادییە گشتییەکان پیادەکات، وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە.
سەبارەت بە پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق گوتی: "پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەیوەندی بە دادگەی باڵای فیدراڵی نییە، بەڵکو تەنیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند دەکات."
لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قوودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق گوتی، "شەهیدبوونی ئەم دوو سەرکردە گەورەیە ئەبو مەهدی هومەندیس و قاسم سولەیمانی بەرزترین پلەی بەخشین، هەوڵی مرۆیی، قوربانیدان، گیانفیدایی و خەباتە لە دژی ستەم و تیرۆر و زۆرداری، شەهیدکردنیان لەگەڵ بەهای چاکی مرۆیی ناگونجێت، بە بەخشینی ئەو خوێنانە خاکی عێراق لە تیرۆر رزگاری بوو."
سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق پێیوایە، "زۆر وڵات هەیە هەوڵدەدەن لە ئەزموونی دیموکراسیی عێراق کەم بکەنەوە، وڵاتی گەورە هەیە وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە وڵاتانێک دەکات کە سیستەمەکەیان تاکڕەوی و نا دیموکراسییە، کەچی پشتیوانی عێراق و ئەزموونە دیموکراسییەکەی ناکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ