عەممار حەکیم: بە دانایی و یەکگرتووییەوە خۆمان بۆ مەترسییەکانی دەوروبەری عێراق ئامادە دەکەین

04-03-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و مەترسی دەبێتەوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئێستا لە جاران بەهێز و پێگەیشتووترە. جەختیشی لە گرنگیی یەکگرتوویی نیشتمانی کردەوە بۆئەوەی بە دانایی و بەرپرسیارێتییەوە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگ و مەترسییانە ببنەوە.
 
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لە گوتەیەکیدا بەبۆنەی یادی 16 ساڵەی کۆچی دوایی عەبدولعەزیز حەکیم-ی باوکی، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئاداری 2025 گوتی، "عێراق وانەی لە ئەزموونەکانی رابردووی وەرگرتووە، ئەمەش هۆشیاریی سیاسیی بەهێزتر کردووە و ئاستی تێگەیشتنی بۆ گرنگیی سەقامگیریی سیاسی لە پشتگیریکردنی کاروانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بەرز کردووەتەوە."
 
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی باسی لەوە کرد، "چاوپۆشی لەو ئاستەنگانە ناکەین رووبەڕوومان دەبنەوە، بەڵکو لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکان و سەرجەم کەرتەکانی دەوڵەت خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین، بۆئەوەی سەقامگیری و گەشەپێدان دەستەبەر بکەین."
 
حەکیم، گرنگیی پشتگیریکردنی لە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی دووپاتکردەوە و پێیوایە ئەم پشتگیرییە لە باوەڕێکی نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی، نەک لە بنەماکانی هەڵبژاردن یان بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی.
 
بە گوتەی عەمار حەکیم، سەقامگیریی عێراق بە شێوەیەکی تووندوتۆڵ بە ئاسایشی ناوچەکەوە بەندە و داوای کرد، بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێشەوە و رێگە نەدرێت دەنگی ئاشووب و جەنگ، ئاسایشی هەرێمی تێکبدەن.
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە دەڵێت، "رازی نابین کەسانێک هەوڵی پەرتەوازەبوونمان بدەن. چارەنووسمان یەکە و پێویستە ئەم راستییە بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە."
 
لەبارەی پرسە هەرێمییەکانەوە، باسی ئەوەی کرد، "نیشتەجێکردن و داگیرکاریی ئیسرائیل گەورەترین مەترسین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە،" داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد، بە جیدی کار بۆ کۆتاییهێنان بەم سیاسەتە وێرانکەرانە بکات.
 
حەکیم پێیوایە، "ئاشتی لە ناوچەکەدا بەدی نایەت، بەبێ چارەسەرکردنی گشتگیری پرسی فەلەستین و گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەنەکانیان. بەردەوامبوون لە دواخستن و بیانوو هێنانەوە لەم پرسەدا، تەنیا دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی و ناسەقامگیری."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە