رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق داوا لەو کارمەندانەى دەکات کە مووچەکانیان بەبانکى نەکردووە ئەو مامەڵەیە تەواو بکەن و دەڵێت، مووچەی مانگى شوبات دوا مووچەیە کە بە نەختینەیی بدرێت.
ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "زۆرینەى ئەو کارمەندانەى وەزارەتى بەرگرى مووچەکانیان بەبانکى کراوە و ئەو بانگەوازە رێکارێکە بۆ ئەوانەى کە ئەو مامەڵەیەیان نەکردووە."
4ى نیسانى 2024، وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیێندراوێکدا داواى لە سەرجەم ئەو کارمەندانەى وەزارەتەکەى کردووە کە مووچەکانیان بەبانکى نەکردووە، سەردانى ئەو بانکانە بکەن کە بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریکراون بۆ ئەوەى پرۆسەى بەبانکى کردنى مووچەکانیان تەواو بکەن.
بەگوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق، 43 بانکى حکومى و ئەهلى دیاریکراون وەک بەشدار لە پرۆسەى بەبانکیکردنى مووچە. ئەو هەنگاوە دابەشکردنى مووچەیە بە شێوازى ئەلیکترۆنى لەرێگەى کارتى بانکییەوە لە برى نەختینە.
عەلاوى نیعمە بەنداوى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زۆرینەى کارمەندانى وەزارەتى بەرگریى عێراق مووچەکانیان بەبانکى کردووە و ئەو بانگەوازە رێکارێکى کارگێڕیی و داراییە بۆ ئەوانەى کە مووچەکانیان بەبانکى نەکراوە."
عەلاوى نیعمە بەنداوى گوتیشى، "ئامانجەکە ئەوەیە کە سەرجەم فەرمانبەران لەرێگەى کى کارت و کارتى دیکەى بانکییەوە مووچە وەربگرن و زۆرینەى هێزە ئەمنیەکان ئەو مامەڵەیەیان تەواوکردووە و بەو شێوەیە مووچە وەردەگرن."
وەزارەتى بەرگریى عێراق لە بانگەوازەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە کە مووچەى مانگى شوباتى 2024 دوا مووچەیە کە لەو وەزارەتە بە شێوەى نەختینە دابەش دەکرێت.
بڕیارى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە لە یەکى تیشرینى دووەمى 2016 دەرکراوە. بەگوێرەى بڕیارەکە دەبوو لەو ساڵەدا مووچەى دوو وەزارەت بەبانکى بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ