رووداو دیجیتاڵ
عێراق، سنووری شنگال و رۆژئاوای بەعاج لە پارێزگای نەینەوا لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا تووندوتۆڵ کردووە بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش و هێنانی مادەی هۆشبەر.
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەمبارەیەوە دەڵێ "ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان لە نێوخۆی عێراق بێ سوودە، ئەگەر سنوور دانەخرێت و رێگری لە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو خاکی عێراق نەکرێت. هەر ئۆپەراسیۆنێکی کوشتن و دەستگیرکردنی داعش لەنێوخۆی عێراق بێسوودە و کات بەفیڕۆدانە، ئەگەر سنووری عێراق و سووریا تووندوتۆڵ نەکرێت، چونکە چەتە و مەفرەزەکانیان هاوکارییان پێدەگاتەوە."
هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 600 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
حکومەتی عێراق بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکەی، چەندین رێکاری گرتووەبەر کە بریتین لە دانانی دیواری کۆنکرێتی، پەرژینی بی ئاڕسی، تەلبەندکردن، کامێرای گەرمی بینین، تاوەری چاودێری، خەندەق بە قووڵی و پانی سێ مەتر، ساتری خۆڵ، بەکارهێنانی درۆن، زیادکردنی هێز، گەڕانی شەوانەی هێزەکان.
محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق باسی ئەوە دەکات "هەوڵێکی گەورە دراوە؛ دەستکەوتیش بەدیهاتووە بەتایبەتی لەگەڵ سنووری سووریا؛ بەشێوەیەکی نموونەیی سنوورەکە کۆنترۆڵکراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو رێکارانەی لە سنوور جێبەجێکراون. سنوور لە قائیمەوە تاوەکو رەبیعە زۆرترین هەڕەشەی لێوە دەکرێتە سەر ئاسایشی وڵات، ئەوەش بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە سووریا هەیە. ئەو ناوچەیە سەرچاوەی هەڕەشە بووە بەهۆی دزەکردنی داعش و مادەی هۆشبەر بۆ نێو عێراق."
لە سنووری رۆژئاوای عێراقیش لە ناوچەی قائیمی پارێزگای ئەنبار، بە درێژایی 160 کیلۆمەتر و بەرزیی سێ مەتر، دیوارێک لەگەڵ سنووری سووریا دروستکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ