رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 4-5-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغدا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی لە ميانى سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات و تێیاندا پرۆسهى سیاسی، پێكهێنانى حكومهتى نوێى عێراقى فيدراڵى، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
رووداو زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە و زۆربەی لایەنە شیعەکانی تێدایە.
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق دەبێ.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەروەها لەگەڵ لایەنە سوننەکانی عێراقیش کۆدەبێتەوە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چڕبوونەتەوە و ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.
عەلی فالح زەیدی رۆژی 2ی ئایاری 2026 بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر، سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحید، رەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبووەوە.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا دەڵێ، کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاژێر 11 دەستپێدەکات و لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەبێ.
هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەبن.
بە گوتەی عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی کە بۆ رووداو قسەی کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان تاوتوێ دەکرێ.
عەقیل ردێنی گوتی، ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران دەچنە حەج، بۆیە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە کە بە زووترین کات کابینەکە تەواو بێت و پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی حەج و جەژنی قوربان پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و دەنگ لەسەر کابینەکە بدات، ئەگەرنا لە دوای27ی مانگەوە دەبێتە پێشلکردنی دەستوور.
هەر لەو بارەیەوە عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، دوێنێ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش وادەی دەستووری کە 27ی ئەم مانگەیە، کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پێکدەهێندرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ