رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق رایگەیاند: "خواستم ئەوەیە لێکۆڵینەوەکان لەو هێرشە تەواو بکرێت کە لە مەخموور ئەنجامدرا و بەهۆیەوە ئارنۆ فریون، سەربازی فەرەنسایی کوژرا و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون."
سەرۆکی فەرنسا ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ عەلی فالح زەیدی لە تۆڕی ئێکس بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە، کە بۆ پیرۆزبایی کردن لە راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردبووی.
ئەو هێرشەی ئیمانوێل ماکرۆن باسی کردووە، لە 12ـی ئادار و لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە لە سنووری مەخموور ئەنجامدرا و پێگەیەکی ئەو هێزەی فەرەنسای کردە ئامانج کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاریان دەکرد.
سەرۆکی فەرنسا رایگەیاند، سەقامگیریی عێراق و سەروەرییەکەی و توانای تەواوی لە بڕیاردان لە چارەنووسی پرسە گرنگەکان، بۆ ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپاش گرنگە.
ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت: "فەرەنسا لە پاڵپشتیی گەلی عێراق بەردەوام دەبێت."
عەلی فالح زەیدی، لە 26ـی نیسانەوە راسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق کە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ