رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان کۆبوونەوە. بە گوتەی بەرپرسێکی هاوپەیمانیی عەزم، باسی قەبارەی بەشداریی سوننەکان لە حکومەت کراوە.
ئەو کۆبوونەوەیە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی ئایار کراوە و سەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان تێیدا بەشدار بوون، کە پارتی تەقەدووم و هاوپەیمانییەکانی عەزم، سەروەری، حەسمی نیشتمانی و جەماوەری نیشتمانی بوون.
یەکشەممە 3ـی ئایاری 2026، محەممەد فەهداوی، رێگەپێدراوی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی میکانیزمی بەدەستهێنانی پۆستەکان کراوە کە لەسەر چ بنەمایەک دەبێت."
ئەمە یەکەمجارە لەدوای دەستنیشانکردنی عەلی فالح زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ ێکهێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق لە 26ـی نیسانەوە، شاندێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سوننەکان کۆببنەوە کە کورسییان لە پەرلەمان هەیە.
محەممەد فەهداوی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە قەبارەی بەشداریی سوننەکان کراوە لە حکومەتی داهاتوو کە شەش وەزارەتیان بەردەکەوێت، بەڵام لەبارەی پرسی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی ئێستا لە حکومەتی داهاتوودا گفتوگۆ هەیە و یەکلا نەبووەتەوە.
لایەنە سوننەکان لە حکومەتی ئێستای محەممەد شیاع سوودانی، جگە لە پۆستى جێگری سەرۆکوەزیران، پێنج وەزارەتیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ