رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆدەبێتەوە و ئەنجامی سەردانەکەی عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی و شاندی یاوەری لە هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەیان، ئێوارەی ئەمڕۆ یان ئێوارەی سبەی دووشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبێتەوە.
بەگوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، هەر لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزمی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان تاوتوێ دەکرێ.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.
عەقیل ردێنی گوتی، ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران دەچنە حەج، بۆیە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە کە بە زووترین کات کابینەکە تەواو بێت و پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی حەج و جەژنی قوربان پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و دەنگ لەسەر کابینەکە بدات، ئەگەرنا لە دوای27ی مانگەوە دەبێتە پێشلکردنی دەستوور.
هەر لەو بارەیەوە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرتر رێی تێدەچێت سبەی دووشەممە کۆبوونەوەکە بکرێ.
عەلی دیفاعی گوتی: "پێش وادەی دەستووری کە 27ی ئەم مانگەیە، کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی پێکدەهێندرێ".
رۆژی 2ی ئایاری 2026 عەلی زەیدی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر، سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، شاسوار عەبدولواحید، رەوتی هەڵوێست و کۆمەڵی ئیسلامی کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ