رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان رۆژى 6ى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ ئەوەى دوا کۆبوونەوە لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بکات کە سێ هەنگاو لەخۆدەگرێت.
رۆژی 4ى حوزەیرانى 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەکەیان رۆژى 6ى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ ئەوەى دوا کۆبوونەوە لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بکات و گوتیشى: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى خشتەى گواستنەوەى بودجە لەنێوان کەرتەکانى بودجە دەکرێت و دەنگى لەسەر دەدرێت، پرسی مادەى 14ى پڕۆژەیاساکەش یەکلادەکرێتەوە، کە تایبەتە بە پشکى هەرێمى کوردستان و رێککەوتنى لەسەر نەکراوە، هەنگاوى سێیەم؛ دەنگدانە لەسەر تێکڕاى پڕۆژەیاساکە".
مادەى 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق تایبەتە بە پشکى هەرێمى کوردستان و چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی فرۆشتنى نەوت و داهاتەکەى، کە تائێستا داڕشتەى کۆتایی رێککەوتنى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لەبارەیەوە نەگەیشتووەتە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، ئەگەر 6ى حوزەیران لیژنەکەیان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بدات، رەوانەى سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکرێت بۆ دیاریکردنى رۆژێک بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەوەى بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە 9ى حوزەیران، دوا رۆژى کارى وەرزى یەکەمى ساڵى دووەمى ئەم خولەى پەرلەمانتارەکانى عێراقە، لەدواى درێژکردنەوەى بۆ ماوەى مانگێک لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە، بەمەبەستى پەسندکردنى بودجە.
پارەى پڕۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراق، زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ