رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت، "شەش مانگی داهاتوو قۆناخێکی وەرچەرخانە لە تەمەنی حکومەتدا."
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆكوهزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی 26ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد کە تێیدا گفتوگۆ لهسهر پرس و بابهته گشتییهكانی تایبهت به بواری ئابووری، خزمهتگوزاری و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت كرا.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەرەتای دانیشتنەکەدا سوودانی ئاماژە بەوەدا "شەش مانگی داهاتوو قۆناخێکی وەرچەرخانە لە تەمەنی حکومەتدا؛ دەبێت بە رژدییەوە بەرنامەی حکومەت جێبەجێ بکرێت، بەتایبەتی دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ سێ ساڵ."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی رێنوێنیی وەزارەت و دەزگاکانی حکومەتی کردووە کە ناردنی شاند بۆ دەرەوە کەم بکرێتەوە و رایگەیاندووە، "تێبینی کراوە وەزیر و بریكارهكان چوونە دەرەوەیان زیاد بووه، ئەوەش کاریگەریی لەسەر کاری وەزارەتەکان دهبێت."
سەبارەت بە رێکخستنی پرسی کرێكارانی بیانی لە عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئەندامێک لە وەزارەتی ناوخۆ زیادبکرێت بۆ لیژنەی باڵای پلاندانان و بەگهڕخستنی هێزی کاری تایبهت بە بابەتی وهرگرتنی مافی نیشتەجێبوون بۆ كرێكاره بیانییهكان.
لە بواری رێکخستنی هاوردە و چاکسازیی کارگێڕی لەم کەرتەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی ژمارە (230128 ق)ی پەسند کرد، بەم شێوهیهی خوارەوە:
1ـ هەڵاوێردنی سەرجەم ئەو خۆراکانەی کە لە نووسراوی وەزارەتی تەندروستیدا هاتوون.
2ـ پشتبەستن بە بڕوانامەی پێش پشکنین لە دەزگا باوەڕپێکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پلاندانان/ دەزگای ناوەندی بۆ پێوانهكردن و کۆنترۆڵی جۆری.
3- رەزامەندی دان لەسەر هەڵاوێردنی باری سەربازی لە رێکارەکانی تیمی وردبینی، بە شێوەیەک باجی گومرگی لێ وەرنەگیرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەم بڕیارانەشی دا:
یەکەم: پەسندکردنی پڕۆژهی یاسای پاراستنی خاوەندارێتیی هزری و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان.
دووەم: رەزامەندیدان لەسەر ئەوەی وەزارەتی ئاوهدانكردنهوه و نیشتەجێکردن (مۆبیلیات و کەلوپەل) بداتە بەشی رێگەوبانی پارێزگاكانی (دیالە، کەربەلا، بابل، زیقار و واست).
سێیەم: پەسندکردنی راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ گەشەپێدانی مرۆیی تایبەت بە پەسندکردنی توێژینەوه و پێشنیازەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی چالاکیی گەشتیاری.
چوارەم: پەسندکردنی پڕۆژهی یاسای پەسندکردنی پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیژیی نێوان عێراق و فەرەنسا و ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان.
پێنجەم: پێدانی دهسهڵات بە محهممهد حوسێن بەحرولعلوم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ ئهنجامدانی دانوستاندن و واژۆکردنی ئەمانەی خوارەوە:
1ـ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و قەتەر سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی مەرجی ڤیزە بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی.
2ـ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ راوێژی سیاسی سهبارهت بهو پرسانهی كه جێگەی بایهخی هاوبهشن لەنێوان عێراق و قەتەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ