رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان ویستی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەربڕی، بەڵام هۆکارە تەکنیکییەکان رێگر بوون. سەرۆکی تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنیش دەڵێت، "ئەستەم بوو بۆ کۆمیسیۆن دوو هەڵبژاردنی جیاواز لە یەک کات یان نزیک لە یەک کاتدا بکات؛ بۆیە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا."
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "کۆمیسیۆن ئامادەیی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتی دیاریکراودا؛ هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی نیشانداوە بۆئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەڵام هۆکاری تەکنیکی رێگرە لەبەردەم ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەکە لە یەک کاتدا."
ئەو قسانەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لای لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق هات کە ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تەممووزی 2023 شاندێکی کۆمیسیۆن سەردانی سەرۆکایەتیی کۆماریان کرد و چاویان بە سەرۆککۆمار کەوت.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، "لەتیف رەشید بە شاندی میوانی گوتووە: پێویستە پابەندی وادە دیاریکراوەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بن و راگەیاندنی ئەنجام دوانەخرێت."
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆمیسیۆن بە هۆکاری تەکنیکی نەیتوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یەک کاتدا بکات، چونکە زەحمەتە و تێکەڵی دروست دەبوو.
عیماد جەمیل گوتیشی، "بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ناتوانێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات، هەموو ئەرکەکە دەکەوێتە سەر کۆمیسیۆنی عێراق. دابینکردنی پێداویستییەکانی هەڵبژاردنەکە و رێکخستنی و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی تەکنیکی رێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەکە پێکەوە."
لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسند کرد، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 30ی ئایاردا لە بڕیارێکدا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی ناوبرد.
ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوئاهەنگی دەکات بۆئەوەی کاتێک بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ