رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 10ـی ئەیلوول، تاقیکردنەوەی یەکەم بۆ ئامێرەکان و هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان 927 بنکەی دەنگدان دەکرێت، لەنێویاندا لە هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 4-9-2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوێترین رێکارەکانی تایبەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی ئاشکراکرد کە بڕیارە لە 18-12-2023، لە 15 پارێزگای عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "رۆژی 10ـی ئەیلوولی 2023، تاقیکردنەوەی یەکەم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە سەرجەم بنکانی دەنگدان کە 927 بنکەی دەنگدانمان هەیە دەکرێت."
روونیشیکردەوە: "ئێمە لەسەرجەم ئەو پارێزگایانە 906 بنکەی تۆمارکردنمان هەیە، هەر بنکەیەک بە وێستگەیەک هەژماردەکرێت، هەروەها 21 ئۆفیسی هەڵبژاردنمان لەو پارێزگایانە هەیە کە لەو ئۆفیسانەش تێستەکە دەکرێت، ئەوە جگە لە ئۆفیسەکانمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەستەی هەڵبژاردنەکان و نووسینگەی نیشتمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن."
سەبارەت بە وردەکاریی تاقیکردنەوەکە دەڵێت، "تاقیکردنەوەکە ئامێرەکانی دەنگدان، پڕۆسەی دەنگدان، هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە هەردوو رێگەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەکرێت وەکو ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە، واتە ئەو تاقیکردنەوانە لە سەرجەم ئەو 929 بنکەیە دەکرێت."
باسی لەوەشکرد، "ئەو کەسانەی لە پڕۆسەیەدا دەنگدەدەن و کارەکان بەڕێدەکەن، فەرمانبەرانی هەمیشەیی کۆمیسیۆن و گرێبەستن کە نزیکەی هەشت هەزار فەرمانبەر دەبن".
لەبارەی هۆکاری ئەو تاقیکردنەوە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، "ئەوە تاقیکردنەوەی یەکەم نابێت و بۆ دڵنیابوونەیە لە ئامێرەکان و کارکردنیان، بۆ پڕۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەیە بزانین وەکو ئەوەیە کە پێویستە بکرێت و بەڕێوەبچێت، واتە بەمەبەستی دڵنیابوونەوە دەکرێت."
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدان.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت، کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن، بەو پێیە ئەگەر ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر کردووە دابەشی کورسییەکان بکرێن، هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە 21 بەربژێر رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن.
بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 کە یاسای "هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق ژمارە 12ی 2018"، کورسییەکانی "ئاسایی" ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان و بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتووان دابەشکراون:
- ئەنبار: 16 کورسی
- بەسرە: 22 کورسی
- دیوانیە: 14 کورسی
- موسەنا: 12 کورسی
- نەجەف: 15 کورسی
- بابل: 18 کورسی
- بەغدا: 49 کورسی
- دیالە: 15 کورسی
- زیقار: 18 کورسی
- سەلاحەدین: 15 کورسی
- کەربەلا: 13 کورسی
- کەرکووک: 15 کورسی
- میسان: 13 کورسی
- نەینەوا: 26 کورسی
- واست: 14 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ