رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی 3.6 ملیۆن کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپ دەکات و لەم مانگەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشی دەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمسیۆن بەردەوامە لە پرۆسەی چاپکردنی کارتی بایۆمەتری بۆ ئەو دەنگدەرانەی لە ساڵی 2024 زانیارییەکانیان تۆمار کردووە، هەروەها بۆ ئەوانەی لە قۆناخی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ساڵی 2025دا زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە.
بە گوتەی گوتەبێژی کۆمسیۆن، ژمارەی کارتەکانی بایۆمەتریی گەیشتوونەتە 3,584,829 کارت.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، دابەشکردنی ئەو کارتانە بەسەر دەنگدەراندا لەم مانگەوە دەستپێدەکات و پرۆسەکە لە رێگەی 1,079 ناوەندی تۆمارکردنەوە بەڕێوەدەچێت، کە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا کراوەن.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ