رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی مووچەی خانەنشینیی مانگی ئەیلوول لە عێراق دواکەوت و بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو خەرج دەکرێت. وەزارەتی دارایی دەڵێ، دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوەیە و پەیوەندی بە نەبوونی پارەوە نییە.
هەرچەندە لە سەرەتای هەموو مانگێکدا مووچەی خانەنشینی لە عێراق دابەش دەکرێت، بەڵام چەند رۆژێک بەسەر مانگی ئەیلوولدا تێپەڕیوە و تائێستا مووچەکە دابەش نەکراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی مووچەی خانەنشینی بۆ نەبوونی نەختینەی پێویست دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ مووچەیەک نافەوتێت و هەفتەی داهاتوو خانەنشینان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە عێراق زیاتر لە سێ ملیۆن خانەنشینی مەدەنی و سەربازی هەن. جەمال کۆچەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە کاتەکە هەستیارە و لە هەڵبژاردن نزیک دەبنەوە، بۆیە حکومەتی عێراق نایەوێت هیچ گرفتێک دروست ببێت و رێگە نەدات هیچ لایەنێک دۆخەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بقۆزێتەوە.
مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تریلیۆنێک و 500 ملیار دینار بۆ دەستەی خانەنشینی دابین دەکات؛ 500 ملیار دیناری لە سندووقی خانەنشینی و تریلیۆنەکەی دیکەش لە داهاتەکانی وەزارەتی داراییەوە دابین دەکرێت. موعین کازمی، ئەندامێکی دیکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەندێکجار دواکەوتن لە دابینکردنی نەختینەدا روودەدات، ئەوەش بەهۆی کێشە لە داهاتی نەوت یان کەمیی داهاتی نانەوتییەوەیە.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئێستا کار بۆ دابینکردنی نەختینەی پێویست دەکرێت و رۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچەی خانەنشینان دابەش دەکرێت.
بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق رەتیکردەوە کە دواکەوتنەکە پەیوەندی بە نەختینەوە هەبێت.
وەزارەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بۆ ئەم مانگە تەنیا بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوەیە، کە پەیوەندی بە سیستمی دابەشکردن و گواستنەوەی بانکییەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەردەستبوونی نەختینەی داراییەوە نییە.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو پارانەی بۆ ئەم مووچانە تەرخانکراون بە تەواوی دابینکراون و پێشوەختە لە بودجەی گشتییدا دیاریکراون. تیمە تەکنیکییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە بانکییە پەیوەندیدارەکان بەردەوام کار دەکەن بۆ دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی دابەشکردن لە ماوەیەکی نزیکدا.
وەزارەتی دارایی عێراق، قۆستنەوەی پرسی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە و تێوەگڵاندنی لە هەڵمەتە سیاسییەکاندا یان بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ لەکەدارکردن لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و دەڵێت کاری وەزارەت تەنیا دارایی و کارگێڕییە و پشتی بە بودجە و یاسا کارپێکراوەکان بەستووە و هیچ پابەندبوونێکی سیاسی نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ