لە 400 قوتابخانەى نەینەوا دوو دەوام و لە 300 قوتابخانەیش سێ دەوام دەکرێت

04-10-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
قوتابیان لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە موسڵ
قوتابیان لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە موسڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زەنگى ساڵی نوێی خوێندن لە نەینەوا لێدرا. دواى حەوت ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاکە، هێشتا کەرتى پەروەردە کێشەى زۆری هەیە، لە 400 قوتابخانەى پارێزگای نەینەوا دوو دەوام و لە 300 قوتابخانەیش سێ دەوامى هەیە.

سەیف ئەحمەد، هاووڵاتیى شارى موسڵ دەڵێت: "شارى موسڵ تووشى کێشەى زۆر بوو بەهۆى هاتنى داعش و دواتر رزگارکردنى شارەکە. زۆرێک لە قوتابخانەکان خاپوور کران. تاوەکو ئێستاش گیرۆدەى ئەو وێرانکارییەین. زۆرێک لە قوتابییەکان لە کەرەڤانەدان، کەرەڤانەیەکى ئاسایی 16 بۆ 20 قوتابی دەگرێت، بەڵام ئێستا 50 قوتابی تێدایە".
 
بەهۆى شەڕى داعشەوە 70 قوتابخانە لە نەینەوا خاپوور بوون. ئێستا هەزار و 800 قوتابخانە هەن کە یەک ملیۆن و 100 قوتابی تێیاندا دەخوێنن. ژمارەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى کەرتى پەروەردەش لە نەینەوا 60 هەزارە.
 
ئەحمەد جبوورى، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى نەینەوا گوتى: "پێویستمان بە ژمارەیەک زۆر لە قوتابخانە هەیە، بە تایبەت بۆ ئەوەى قوتابخانە کەرەڤانییەکان بگۆڕێن بۆ باڵەخانەى نوێ کە شایستەى قوتابی و مامۆستایان بن".
 
لە 400 قوتابخانەى نەینەوا، خوێندنى دوو دەوام و لە 300 قوتابخانەش خوێندنى سێ دەوامى هەیە. بەگوێرەى ئامارى پەروەردەى پارێزگاکە، پێویستیان بە 800 قوتابخانەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى جەنجاڵیى پۆلەکان.
 
فارس عەلى، مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانى نەینەوا دەڵێت: "بەربەستەکان لەبەردەم خوێندنى ئەمساڵ کەمیی مامۆستایە؛ هەندێک لە مامۆستایان و مامۆستایانى گرێبەست کە لامان بوون، چوونەتە قوتابخانە نوێیەکان، ئەوە بۆشاییەکى زۆرى بۆ دروست کردووین."
 
حکومەتى عێراقى گرێبەستێکى لەگەڵ دوو کۆمپانیاى چینى کردووە بۆ دروستکردنى هەزار قوتابخانە لە عێراق؛ پشکى نەینەوا 92 قوتابخانەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە