ناوى حیزبوڵڵا و حوسییەکان بە 'هەڵە' بۆ بلۆککردنى پارەکانیان نێردراوە و 'لە دەرەوە بۆ عێراق هاتووە'

04-12-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

"لیستەکە بەبێ پاککردنەوە بڵاوکراوەتەوە"، ئەوە پاساوی بانکی ناوەندیی عێراق بوو بۆ کەمکردنەوەى ئەو گرژییەى بەهۆی ناوهێنانی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن وەک تۆمەتبار بە تیرۆر دروست بوون، هەرچەند بڵاوکردنەوەی ئەو ناوانە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی 18 رۆژی بەسەردا تێپەڕیبوو.
 
 بەگوێرەى بەدواداچوونى رووداو، ناوی ئەو کەس و گرووپانەی کە بە تۆمەتباران بە تیرۆر لە دەرەوە ئاڕاستەی عێراق دەکرێت، لیژنەیەکى بانکی ناوەندی تەنیا ناوی ئەوانە بڵاو دەکاتەوە کە پەیوەندیدارن بە داعش و قاعیدە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پابەندە بەوەی مامەڵەی دارایی فەرمی لەگەڵ ئەو گرووپانەش نەکات کە لەو لیستانەدا بۆی دێت و ناویان بڵاو ناکاتەوە.
 
پرسەکە لە کوێدا تەقییەوە؟
 
لە ژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی کە 17ی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، سێ جار ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و چوار جار ناوی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن وەک بەشدار لە کاری تیرۆریستی هاتووە.
 
ناوهێنانی ئەو دوو گرووپە شیعەیە لە لیستى ئەو لایەن و کەسانە بووە کە بە بڕیاری نووسینگەی رێگری لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، پارە  گوێزراوە و نەگوێزراوەکانیان و سەرچاوە داراییەکانیان سڕ دەکرێت.
 
ئاشکرابوونی ئەو ناوانە، حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراقی رووبەڕووی ڕەخنەی گرووپە شیعەکان کردەوە کە حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا بە بەشێک لە گرووپی بەرەی موقاوەمە دەزانن کە لیستی تیرۆری ئەمریکادان.
 
"ناوەکان بە هەڵە هاتووە و بەر لە پاککردنەوە نێردراوە"
 
عەمار محەممەد خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆکی لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، نووسراوێکی ئاراستەی بەشی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان لە ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق کرد بۆ هەموارکردنەوەی بڕیارەکە، تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ناوی ئەو دوو گرووپە (حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا) بە هەڵە هاتووە و داوای لێ کردوون روونکردنەوەیەکی بەپەلە لەوبارەیەوە بدەن.
 
لیژنەکە لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق تەنیا رەزامەندی لەسەر کەس و گرووپە پەیوەندیدارەکان بە داعش و رێکخراوی قاعیدە داوە و بوونی گرووپی دیکە لە لیستەکەدا بەهۆی ئەوە بووە کە بەر لە پاککردنەوە بڵاوکراوەتەوە و ئەوە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی چاکدەکرێتەوە.
 
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق بە رووداوی گوت: "روونکردنەوە لەبارەی ئەو پرسە پەیوەندیدارە بەو لایەنەی کە بڕیارەکەی دەرکردووە، نەک ئەو لایەنەی کە بڵاوی کردووەتەوە".
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەو ژمارەیەی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی لەسەر ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەزارەت سڕایەوە کە ناوی دوو گرووپە شیعەکەی تێدابوو.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی پێکهێنا لەبارەی ئەو پرسە و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو هەڵەیەی بڕیاری لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان، بەوپێیەی گوایە عێراق تەنیا داوای کردووە موڵک و ماڵی چەند کەس و گرووپێکی سەر بە ڕێکخراوی داعش و قاعیدە بلۆک بکرێت.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دادی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بۆ راستکردنەوەی ئەو پرسە دەبێت دوو نووسراوتان پێ بگات، یەکێکیان بۆ کشانەوەی ئەو ژمارەیەی رۆژنامەکە، ئەوی دیکەیان بۆ چاککردنەوەی هەڵەکە".
 
ناو هەیە و بڵاوکردنەوە نییە
 
رووداو لە رێگەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بەغداوە ئەو زانیارییەی وەرگرتووە کە ناوی کەس و گرووپەکان کە تۆمەتبارن بە تیرۆر لە چەند ڕێگەیەکەوە دەگات بە بانکی ناوەندی و لیژنەی بلۆککردنی پارە، لەوانە ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزارەتی گەنجینە و دەرەوەی ئەمریکا و  وڵاتانی دیکە.
 
لیستەکە چەند مانگ جارێک دەنێردرێت بۆ نوێکردنەوە و هەندێکجار کەسانێک و گرووپێکی لێ دەردەکرێت یان بۆی زیاد دەکرێت.
 
یەکێک لەو سەرچاوانەی رووداو گوتی: "لیستەکە زۆرینەی جار ناوی حیزبوڵڵای عێراق و ئەنساروڵڵای حوسییەکانی تێدایە، بەڵام حکومەتی عێراقی تەنیا ناوی ئەو کەس و گرووپانە پەسند دەکات کە سەر بە رێکخراوی داعش یان قاعیدەن".
 
محەممەد روبەیعی، سەرۆکی دامەزراوەی نەهرەین بۆ پاڵپشتی شەفافیەت بە رووداوی گوت: "ئەو لیستە لە دەرەوە بۆ عێراق دەنێردرێت و نوێ دەکرێتەوە، هەر کەس و گرووپێک ناوی تێدا هات و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە نابێت مامەڵەی ئابووری و دارایی لەگەڵ بکرێت ئەگەرنا سزا دەدرێت".
 
بڵاوکردنەوەی ناوی کەس و گرووپەکان بە بڕیاری لیژنەی بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بۆ ئاگادربوونی دادگە و بانکەکانە لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، ئەگەرنا رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.
 
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو لە بەغدا رایگەیاند: "ناوی هەندێک گرووپ هەیە لیژنەکە پەسندی ناکات و ناوی بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بانکی ناوەندی پابەندە بەوەی کە هیچ مامەڵەیەکی داراییان لەگەڵدا نەکات".
 
زۆرترین گوشاری سەر مامەڵەی ئەو گرووپانە لەلایەن واشنتنەوەیە، 9ی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆمپانیای موهەندیس، کۆمپانیای بەلەدنا و عەلی موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق و عەلی محەممەد غوڵام، سەرمایەدار و چەند کەسێکی دیکەی خستە لیستی سزاکانیەوە، بە پاساوی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا و هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
چاودێریکردنی لیستی سزادراوانی ئەمریکا لە رێگەی مامەڵە بانکییەکانەوەیە بۆ ڕێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار و گەیاندنی هاوکاریی دارایی بەو گرووپانەی نزیک لە ئێران کە لە دەرەوەی عێراقن.
 
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو کەسانەی هەژماری بانکی یان مامەڵەی دارایی لە ڕێگەی بانکەکانەوە دەکەن لە رێگەی دوو سیستمی ناوخۆیی و جیهانی وردبینییان بۆ دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی نەوەک لە لیستی بلۆککراودا بن لەسەر ئاستی جیهان یان ناوخۆ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماڵێکی زیانلێکەوتوو بەهۆی لافاوەوە. وێنە: هەرێم بورهان - رووداو

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاو چاوەڕێی لیستی زیانەکانین

عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی ئەمدواییە کۆبوونەوە و چاوەڕێی ئاماری کۆتایی زیانەکان دەکەن بۆ ئەوەی قەرەبوویان بکەنەوە.