ئەحمەد سەحاف: سەرۆکى حکومەتى لیبیا ئامادەیە سەردانى عێراق بکات

05-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆخانەى عێراق لە لیبیا رایگەیاند، سەرۆکى حکومەتى ئەو وڵاتە ئامادەیی پێشانداوە سەردانى عێراق بکات.
 
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا لەگەڵ عەبدولحەمید دبیبە، سەرۆکى حکومەتى یەکگرتووى نیشتمانیى لیبیا کۆبووەوە و باسیان لە بارودۆخى ئەو وڵاتە کردووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەحمەد سەحاف ئاماژەى بەوەداوە، عەبدولحەمید دبیبە ئامادەیی خۆى پێشانداوە سەردانى عێراق بکات، بەمەش دەبێتە یەکەم بەرپرسی باڵای لیبیا لە دوای رووخانی رژێمەکەی معەمەر قەزافی لە ساڵی 2011 سەردانی عێراق بکات.
 
دواى نۆ ساڵ لە داخستنى، لە کانوونى یەکەمى 2023، حکومەتى عێراق باڵیۆزخانەکەى لە تەرابلوسی پایتەختى لیبیا کردەوە و ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى کردە هەڵوسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەکە. 
 
لەساڵى 2014 وەزارەتى دەرەوەى عێراق، باڵیۆزخانەکەى لە لیبیا داخست، بەهۆى خراپى دۆخى ئەمنى ئەو وڵاتە و دروستبوونى شەڕ و ململانێى سەربازیى لە نێوان گرووپە ناکۆکەکانى ئەو وڵاتە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە