رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا. بەڵام هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگار دواخرا.
هاوکات، د. ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
پارێزگاری نەینەوا لەدوای هەڵبژادنی رایگەیاند، "چەندین پڕۆژەی گرنگمان بۆ نەینەوا پێیە و لە ماوەیەکی نزیکدا گۆڕانکاریی گەورە دەبینن. دەمانەوێت لەگەڵ هەمووان کاربکەن بۆ ئەوەی نەینەوا بگەڕێتەوە دۆخی جارانی."
عەبدولقادر دەخیل گوتیشی کە ئەمڕۆ هەردوو جێگری پارێزگار هەڵدەبژێردرێن، چ بە نهێنی بێت یانیش ئاشکرا بێت.
پەیامنێری رووداو لە نەینەوا رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا راگیراوە بۆ ئەوەی پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار بە نهێنی هەڵبژێردرێت.
پەیامنێری رووداو گوتیشی کە پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ پارتی یەکلایی بووەتەوە و جێگری دووەمی پارێزگار بۆ سوننە دەبێت.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ رۆژی پێنجشەمەی داهاتوو دواخرا، جێگرانی پارێزگار هەڵنەبژێردران.
لە کۆی 15 پارێزگای عێراق تاوەکو ئێوارەی ئەمرۆ تەنیا لە شەش پارێزگا حکومەتە خۆجێیەکان پێکهێندراون و لە بەشێکیشیاندا هێشتا تەواو نەبووە و هەڵبژاردن بۆ پۆستەکانی دیکەی ماوە. لە کاتێکدا بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەمڕۆ دوا وادەی یاسایییە بۆ پێکهێنانی حکومەتە خۆجێیەکان.
بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 7ـی یاسای پارێزگا نارێکخراوەکان لە هەرێمێکدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008، دەبێت لەماوەی 15رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامەنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ