پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە هەڵبژێردران

05-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە زۆرینەی دەنگ ئەسعەد عیدانی، سەرۆکی فراکسیۆنی تەسمیمی بە پارێزگاری نوێی پارێزگاکە هەڵبژارد، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، "بەردەوام دەبین تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە کۆبووەوە و خەڵەف بەدران، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی لە هاوپەیمانیی نەبینی بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە هەڵبژارد.
دواتر ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، متمانەی بە"ئەسعەد عیدانی" بەخشی و بۆ جارێکی دیکە بووەوە پارێزگاری بەسرە.
 
عەلی شەداد، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر ئەمڕۆ هەموو هەڵبژاردنەکان بۆ سەرجەم پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی بەسرە دەکرێت، ئەمڕۆ جگە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاریشی هەڵبژارد، کە شێخ ئوسامە ئەلسەعد بوو لە فراکسیۆنی تەسمیم."
 
ئەسعەد عیدانی دوای وەرگرتنی متمانەی ئەنجوومەنی پارێزگا، سوپاسی خەڵکی بەسرەی کرد و گوتی: "کاردەکەین لەپێناو ئەو پارێزگایە و ئومێد دەکەین لە جێی گومانی باشی خەڵکەکەیدا بین و ئومێد دەکەین ئەوەی پارێزگای بەسرە بە هەموو شارەکە و قەزا و ناحیەکانیەوە پێویستییانە تەواو بکرێن."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کۆبوونەوەکە بۆ کارێکی دیکە دواخراوە، ئەگەری هەیە ئەمشەو یان سبەی بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی بۆ پۆستە ماوەکانی دیکە هەڵدەبژێردرێن، جگە لە جێگرێک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی دوو جێگریش بۆ پارێزگار ماون دیاریبکرێن.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە 23 کورسی پێکدێت، 16 کورسیی پیاوان و 6 کورسیی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسیی کۆتای کریستیان.
 
لە ئەنجوومەنەکەدا هاوپەیمانیی تەسمیم 12 کورسی، هاوپەیمانی نەبنی 5 کورسی، دەوڵەتی یاسا 3 کورسی، هێزەکانی دەوڵەت یەک کورسی، ئەساس یەک کورسی، بزووتنەوەی بابیلۆنی کریستیانەکانیش کورسییەکیان هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە