رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەى عێراق لەبرى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرگەى بەرپرسیارێتى قورسی گرتووە و بە گرنگی زانی جیهان هاوکاری عێراق بکات لەو دۆخە هەستیارەدا و لەبارەى دانوستانى نێوان ئەمریکاو ئێرانیش گوتى:" عێراق پاڵپشتیی دیالۆگ و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە دەکات"
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ى شوباتى 2026 سەردانى بەغداى کرد.
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، عێراق بەرگەى بەرپرسیارێتییەکی قورسی لە برى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە ، کە دواترینیان گواستنەوەی تیرۆریستان بوو لە زیندانەکانی سووریاوە و بە گرنگی زانیوە جیهان هاوکاری عێراق بکات لەو دۆخە هەستیارەدا و وڵاتان بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان، لەبەر ئەوەی ئەو پرسە "هەڕەشەی هاوبەشی تێدایە".
بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە دانوستانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بڕیارە 6ی شوبات لە عومان ئەنجام بدرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە عێراق پاڵپشتیی دیالۆگ و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات کردووە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و رەخساندنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان بۆ کارکردن لە عێراق.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خواستی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بۆ کارکردن لە عێراق دەربڕیوە و خوازیارن لەگەڵ عێراق کار بکەن بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ