"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق": لە 24 کاژێردا 29 هێرشمان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن دەڵێن، لە ماوەی تەنیا 24 کاژێری رابردوودا 29 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەو هێرشانەدا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە و بنکەکانی ئەمریکایان لەنێو خاکی عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی "وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکان" و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانیانە دژی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی 3ـی ئاداریش، هەمان گرووپ بەرپرسیارێتیی خۆی لە 27 هێرشی دیکەی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا راگەیاندبوو.
 
گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن هێرشەکانیان وەک وەڵامێکە بۆ ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە.
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر ئێران 49 سەرکردەی باڵای ئەو وڵاتەیان کوشتووە، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە