هێزێکی ئەمریکی لە بیابانەکانی عێراق بە فڕۆکە دادەبەزن و رووبەڕووی سوپای عێراق دەبنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی تایبەتی ئەمریکی لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی بیابانەکانی ئەنبار، کەربەلا و نەجەف دابەزیون؛ لە کاتی نزیکبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش پێکدادان روویداوە و بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی کوژراوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی قەزای روتبە لە پارێزگای ئەنبار بۆ رووداو، هێزە ئەمریکییەکە لە دوو شوێنی جیاوازی قەزای رووتبە نیشتوونەتەوە و جێگیرن.
 
ئەمانە ناوچەکانن
 
یەکەم: ناوچەی "شنانە" کە 40 کیلۆمەتر لە ناحیەی نخێب و سنووری پارێزگای کەربەلاوە دوورە.
 
دووەم: ناوچەی "چلابات"ـە لە سنووری قەزای روتبە، کە 100 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان روتبە و سعودیە.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی چوارشەممە، هێزێکی پاسەوانی سنووری عێراق هەوڵیانداوە لە شوێنی دابەزینی هێزە ئەمریکییەکان نزیک ببنەوە، بەڵام رووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک کارمەندی پاسەوانی سنوور بریندار بوون و 4 ئۆتۆمبێلی پاسەوانی سنووری عێراق سووتان.
 
قەزای روتبە لە رووی رووبەرەوە گەورەترین قەزای عێراقە، پێگەیەکی جوگرافیی هەستیاری هەیە. ئەو قەزایە لە ناحیەکانی وەلید و نخێب پێکدێت ئەوی دواییان هاوسنوورە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە.
 
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە پارێزگای کەربەلا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزی تایبەتی ئەمریکی لە  ناوچەی شنانە دابەزیوە کە دەکەوێتە دەکەوێتە سنووری نێوان نخێب و  نەجەف، هەروەها کەربەلا. هەروەها شەڕ و پێکدادانیش لەگەڵ ئەو هێزە دروست بووە و کوژرا و بریندار لە ریزەکانی سوپای عێراقی کەوتووەوە.  
 
ئەم ناوچەیە دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی "فیرقەی ئیمام عەلی - لیوای 2" لە بیابانی نەجەف و "فیرقەی عەباس" لە بیابانی نخێب.  
 
حەسەن فەدعەم جەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمە و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو هێزانە ئەمریکین و لە ناوچە بیابانییەکانی نێوان نەجەف و کەربەلا دابەزیون. کاتێک هێزێکی عێراقی بە دووری دوو کیلۆمەتر لێیان نزیک بوونەتەوە، لەلایەن ئەمریکییەکانەوە تەقەیان لێکراوە، بەهۆیەوە سەربازێک شەهید بووە و دووی دیکە بریندار بوون، دوو هامەری سوپای عێراقیش سووتاون."
 
فەدعەم ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا روون نییە ئامانجی دابەزینی ئەو هێزانە بۆ شەڕە یان کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵام جەختی کردەوە کە دڵنیان هێزەکان ئەمریکین نەک ئیسرائیلی.
 
لە برووسەیەکی ئەمنی عێراقی لە ناوچەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، زانیاریان لەلایەن شوانێکی ناوچەکە دەستکەوتووە،  هێزێکی نەناسراو لە ناوچەی شنانە کە 40 کم لە قووڵایی ناحیەی نخێب دوورە، ژمارەیەک هێلیکۆپتەر کە ژمارەیان لە نێوان 5 بۆ 7 فڕۆکە دەبێت، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری هەمەر بینراون. 
 
لەلایەکی دیکەوە، فەریق روکن عەبدولکەریم خەلەف، گوتەبێژی پێشووی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی مەڕدارەکانەوە لە بوونی ئەو هێزە "نامۆیانە" ئاگادار کراونەتەوە کە بە ئاسمان دابەزیون. خەلەف گوتیشی: "بابەتەکە لە بەرزترین ئاست لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی سەر هێزەکانی عێراقی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "هێزێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا لە کاتی ئەرکێکی پشکنیندا لە بیابانەکانی نێوان کەربەلا و نەجەف، رووبەڕووی بۆردوومانی ئاسمانی و تەقەکردن بوونەتەوە."
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەو هێرشەی بە "پێشێلکاری و کارێکی بێ پاساو" ناوهێنا و رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە پێکهێندراوە.
 
ئەم دابەزینە ئاسمانییەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا - ئیسرائیل لە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و بیابانەکانی عێراق بەهۆی پێگەی جوگرافییانەوە بوونەتە جێگەی بایەخی هێزە نێودەوڵەتییەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە