رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە وابەستەی ئێرانە، هۆشداری دەدات لەبارەی بەیانى رۆژى سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دیاریکردووە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دەڵێت: "هەموو وێستگەکانتان لە ناوچەکە دەبنە ئامانجی موقاوەمە."
یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، عەبدولقادر کەربەلایی، یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا لە راگەیێنراوێکدا ئەو هۆشدارییەی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە بەیانیی رۆژی سێشەممە بنکە و وێستگەکانی وزەی سەر بە ئەمریکا لە ناوچەکە دەبنە "ئامانجی رەوای موقاوەمە".
دۆناڵد ترەمپ بەیانیی رۆژی سێشەممە 6ی نیسانی دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە پرد و وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکەن.
یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، کە هێڵی سووریان لەسەر هیچ کام لەو ئامانجانە نابێت بۆ بۆردوومانکردن.
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێکردووە، بەهۆیەوە جووڵەی کەشتی لە تەنگەی هورمز پەکى کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ