رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، دەستوور رێگە نادات خاکی وڵاتەکە ببێتە شوێنێک بۆ هێرش و کردەی دووژمنکارانە دژی وڵاتانی دیکە. ئاماژە بەوەش دەکات، حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستوورییە.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا لەگەڵ پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا کۆبووەوە و دۆخی سیاسی و ئەمنی و لێکەوتە مەترسیدارەکانی جەنگیان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: "دەستووری عێراق رێگە نادات خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی هیچ کارێکی دووژمنکارانە دژی وڵاتانی دیکە بەکاربهێندرێت." هەروەها گوتی: "عێراق سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتان پەیڕەو دەکات کە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە دامەزراوە."
سەبارەت بە دەستەی حەشدی شەعبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی: "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی دەستوورییە و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی عێراق لەخۆدەگرێ."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەعرەجی بە باڵیۆزی فەرەنسای گوت حکومەت رێکاری ئەمنیی تووندی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و رایگەیاند، عێراق بە هاوکاریی "دۆست و براکانی" هەوڵ دەدات شەڕ رابگیرێ و لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری.
باڵیۆزی فەرەنساش پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق دووپات کردەوە و ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ