رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەم رۆژی سەردانەکەی لە بەغدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی کریستیان کۆبووەوە و داوای کرد "لە کابینەی داهاتوو پۆستی وەزارییان هەبێت".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوە دەدات، بارودۆخی کریستیانەکان و نوێنەرایەتیی سیاسیی پێکهاتەکان تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی "جەختی لەوە کردەوە کە کریستیانەکان "پێکهاتەیەکی رەسەنی عێراق و هەرێمی کوردستانن و رۆڵی مێژوویی و شارستانیيان بەرز نرخێنرا".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش دا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە "پێویستە له كابينهى داهاتووى حكومهتى فيدراڵيى عێراقدا به پۆستى وهزارى بهشدار بن و کار بۆ برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن بکرێت وەک بنەمایەکی سەرەکیی سەقامگیری لە وڵاتدا".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی هاوبەشی و یەکسانی بەردەوام بن، بە شێوەیەک کە هەموو پێکهاتەکان بگەنە ماف و شایستە دەستوورییەکانيان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ پاراستنی مافەکانی کریستیانەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان دووپات کردەوە.
لای خۆیانەوە، پەرلەمانتارانی کریستیان پێزانینیان بۆ هەڵوێستە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی لە داکۆکیکردن لە مافی پێکهاتەکان و پاراستنی فرەیی و تەبایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ