رووداو دیجیتاڵ
قەیس خەزعەلی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا رایگەیاند، "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کەسایەتییەکی رێزلێگیراوە." گوتیشی، "سەردانەکە نیازپاکیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری لە حکومەت پێشان دەدات."
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "بەخێرهاتنی دەکەین و سەردانەکە لە کاتێکی گرنگدایە، هەروەها گوزارشتی لە نیازپاکیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ بەشداریکردن لە حکومەت، لەگەڵ هەندێک تێبینی دیاریکراو کە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا خرانە روو و لە زۆربەیان تێگەیشتن هەبوو."
ئەمینداری گشتیی عەسائیب دەڵێت، "ئێمە پێمان وایە ئەمە هەنگاوێکی باشە بە ئاراستەی خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەت و پاشان سەرکەوتنی کارەکانی."
قەیس خەزعەلی لە وەڵامی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، گوتی، "راستییەکەی، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کەسایەتییەکی رێزلێگیراوە بەهۆی رۆڵە ئەرێنی و میانڕەوەکەی لە خستنەڕووی دیدگەکان و پشتی زۆری پێ دەبەسترێت بۆ دۆزینەوەی خاڵی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدا."
ئەم دیدارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، لە چوارچێوەی ئەو سەردانە فەرمییەدایە کە دوێنێ دووشەممە بۆ بەغدا کردی و لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق؛ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و سەرکردە سوننەکان کۆبووەوەو بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ