سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانی کریستیان: نێچیرڤان بارزانی بەڵێنیدا بۆ وەرگرتنى وەزارەتێک پاڵپشتیمان بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی، لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی سۆیاناى کریستیان لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنەکە، داوایان کردووە پاڵپشتیان بێت بۆ ئەوەی وەزارەتێک لە حکومەتی نوێی عێراق وەربگرن، ئەویش بەڵێنی پاڵپشتیی پێ داون.
 
کۆبوونەوەکە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ی ئایاری 2026 ئەنجامدرا، لە دووەم رۆژی سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا.
 
کڵدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا کریستیان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی پێکهێنانی حکومەتیان کردووە و نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە کە پاڵپشتیی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکەن.
 
لە پەرلەمانی عێراق پێنج کورسیی کۆتای کریستیان هەن، فراکسیۆنی سۆیانا سێ ئەندامیان هەیە.
 
کڵدۆ رەمزی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا داوامان لە نێچیرڤان بارزانی کرد پاڵپشتمان بێت بۆ ئەوەی وەزارەتێک لە حکومەتی نوێ وەربگرین وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیان و ئەو پۆستە بە مافی خۆمان دەزانین و ئەویش بەڵێنی پاڵپشتیکردنی پێداین بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە."
 
هاوپەیمانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کە پکێھێنەرى سەرەکى حکومەتن، بڕیاریداوە لە حکومەتى نوێدا وەزارەتێک بۆ پێکهاتەی کریستیان بێت، هاوشێوەی حکومەتی ئێستا کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیان بەدەستەوە بوو.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا رایگەیاند، کە بۆ داواکردنی ئەو وەزارەتە، ئەمڕۆ لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆدەبنەوەو لە یەک دوو رۆژی داهاتووشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە.
 
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە 4ی ئایارەوە دەستی پێکردووەو لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان و ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبووەوەو بڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق و قەیس خەزعەلى، ئەمیندارى گشتى عەسائیبی ئەهلى حەق و عەبدولحوسێن موسەوى، سەرکۆى هاوپەیمانى نەهجى نیشتمانى کۆببێتەوە.
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشدا لەبارەی کۆبوونەوەکە هاتبوو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، "پێویستە له‌ كابينه‌ى داهاتووى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراقدا به‌ پۆستى وه‌زارى به‌شدار بن و کار بۆ برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن بکرێت وەک بنەمایەکی سەرەکیی سەقامگیری لە وڵاتدا".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە