رووداو دیجیتاڵ
هەردوو هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە جیا لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى کۆدەبنەوە. بە گوتەى دوو بەرپرسی چوارچێوەى هاوئاهەنگى، رێککەوتنى سەرەتایی لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان کراوە.
د. عەلى دیفاعی، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق رۆژی دووشەممە 05-06-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دەبوو رۆژى 4ى حوزەیران، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا و بڕیارە رۆژێکى دیکە لەم هەفتەیەدا دیاری بکرێت بۆ کۆبوونەوەکە، کە تێیدا تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى پرسی سەرەکى دەبێت."
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق گوتیشى، "رێککەوتن لەسەر خاڵە ناکۆکەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان کراوە و داڕشتەى کۆتایی ماوە."
مادەکانى 13 و14 ى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گۆڕانکاریى تێدا کرد، خاڵی ناکۆکى نێوان هەولێر و بەغدایە کە پەسندکردنى پڕۆژەیاساکەى لە پەرلەمان پەکخستووە، بەتاییەت لە پرسی هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و شێوازى مامەڵەکردن بە داهاتەکەى.
ئەبو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیی رێکخراوى بەدر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، رۆژی دووشەممە 05-06-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەم هەفتەیەدا هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆدەبێتەوە و دواتریش کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت دەبێت. لە هەردوو کۆبوونەوەش باس لە پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت."
ئەو ئەندامەى مەکتەبی سیاسیی رێکخراوى بەدر ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى چەند بابەتێک بۆ کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت ئامادە دەکات، کە یەکێکیان پرسی بودجە و بڕگەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان دەبێت. چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە هەوڵى ئەوەدایە بەشێک لە پێشنیازى گۆڕانکارییەکان لە پشکى هەرێمى کوردستان بکشێنێتەوە."
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکهاتووە لە هاوپەیمانێتییەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، سەروەرى، عەزم، یەکێتى، پارتى و بابلیۆن کە پێکهێنەرى حکومەتى ئێستاى عێراقن.
ئەو گۆڕانکارییانەى لە لیژنەى دارایی لە پشکى هەرێمى کوردستان کراون، کۆت و بەندى زیاتریان تێدایە لەسەر هەرێمى کوردستان، بەراورد بە داڕشتەى رەسەنى پڕۆژەیاساکە، کە لە حکومەتى عێراقەوە ئاراستەى پەرلەمان کراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى 6ى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆئەوەى دوا کۆبوونەوە لەبارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بکات بەرلەوەى ئاڕاستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى بکات بۆ دیاریکردنى رۆژى دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ