رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لە ساڵیادی فەتواکەی موحسین حەکیمدا تایبەت بە حەرامکردنی شەڕی کورد راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق رۆژی چوارشەممە، 05-07-2023، رایگەیاند، "بەوپەڕی شانازییەوە یادی فەتوای باپیرمان ئیمام سەیید موحسن حەکیم دەکەینەوە کە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 1965 فەتوای حەرامکردنی شەڕی خەڵکی کوردمانی دا، ئەوەش هاوشانی و هاوسۆزیی نیشتمانی لەنێوان رۆڵەکانی یەک وڵات بەهێز کرد و بنەمای پاراستنی پێکهاتەکانی عێراق فەراهەم کرد".
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، "ئەو فەتوایە دەنگدانەوە و یادی تاوەکو ئەمڕۆ ماوە. فەتواکە سووربوونی راستگۆیانەی ئیمام حەکیم بوو بۆ پاراستنی گیانی موسڵمانان و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی خوێن رشتنی رێگەپێنەدراو".
لە ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلوول بە رێبەرایەتیی مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، سوپای عێراق پەلاماری کوردستانی دا و دەسەڵاتدارانی بەغدا هانی خەڵکیان دژی کورد دەدا؛ لە ساڵی 1965دا موحسین حەکیم فەتوای دەرکرد کە شەڕی کورد و هێزی پێشمەرگە حەرامە.
موحسین تەباتەبائی حەکیم ناسراو بە سەیید موحسین حەکیم لە ساڵی 1889 لە نەجەف لەدایکبوو، مەرجەعێکی ئایینی شیعەکان بوو، سەرۆکی حەوزەی زانستی شاری نەجەف بوو، لە ساڵی 1970 لە تەمەنی 81 ساڵی کۆچی دواییکرد و زیاتر لە 25 کتێبی هەیە.
فەتواکەی سەیید موحسین لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانەوە پێشوازی لێکراوە و هەمیشە سوپاسی ئەو مەرجەعە ئایینیە کراوە.
رۆژی 8/4/2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەشداری لە رێوڕەسمی 43یەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر سەدری كرد و گوتارێکی پێشکێش کرد، رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئاگاداربوونی خوالێخۆشبوو سەیید موحسین حەکیم لەو ستەمەی لە کورد دەکرا، سەیید موحسین فەتوای حەرامکردنی شەڕی پێشمەرگەی لە شۆڕشی ئەیلوولی دەرکرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ