عێراق
تیمێکی ئاگرکوژێنەوە لە بەرگریی شارستانیی کەرکووک لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرێکدا. وێنە: ئەرشیڤ/رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، 5000 سوودمەندی هاوکاریی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەگوازرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە وەکو جێبەجێکردنی راسپاردەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دێت، کە لە دوا کۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارێزگارەکان داوای کردبوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر رێگەکانی بەهێزکردنی رێکارەکانی سەلامەتی و پێداویستییەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرجەم پارێزگاکان.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ دابینکردنی هەلی کاری راستەقینە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ئەو توێژانەی سوودمەندن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، هەروەها بۆ گۆڕینیان لە وەرگری هاوکارییەوە بۆ فەرمانبەرێک، کە بەشداری بکات لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا، لە چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییە گرنگەکاندا."
وەزیری کار ئاماژەی بەوەش دا کە دابەشکردنی سوودمەندان بەگوێرەی میکانیزمی پەسندکراو بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
- 3000 فەرمانبەر بۆ هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی بەرگریی شارستانی لە پارێزگاکان.
- 2000 فەرمانبەر لە چوارچێوەی ستوونی فریاکەوتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی.
وەزیر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێکارە پشتیوانییەکی راستەوخۆیە بۆ تواناکانی بەرگریی شارستانی لەپێناو بەهێزکردنی سیستمی خۆپارێزی و وەڵامدانەوە. هەروەها دووپاتیکردەوە کە وەزارەت بەردەوامە لە کارکردن بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بۆ توێژە شایستەکان، بەجۆرێک کە لەگەڵ کارە لەپێشینەکانی دەوڵەتدا بگونجێت بۆ چارەسەرکردنی بێکاری و بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ