رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ هۆشداری دەدات لە هەوڵەکان بۆ فریودانی هاووڵاتییانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردنیان لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا.
ئەمڕۆ هەینی، باڵیۆزخانەکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە پێویستی دەزانین بۆ رەوەندی عێراقیی نیشتەجێی رووسیا روون بکەینەوە، ئەوەی لە هەندێک هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن چەند کەسێکەوە بڵاوکراوەتەوە کە بە ناڕاست بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی رەوەندی عێراقی لە رووسیا دەکەن، بانگەشەیەکی بێ بنەمایە."
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێدوانی کەسێک بەناوی حەیدەر شەممەری بڵاوکراوەتەوە، کە وەک بەرپرسی رەوەندی عێراقی لە رووسیا ناسێندراوە و دەڵێت، "تۆڕگەلێک هەن لە رێگەی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمنییەکان یان گرێبەستی کار یان گەشتیاری و کۆچ، گەنجانی عێراقی تێوەدەگلێنن لە جەنگدا، بەهۆی ئەوەشەوە نزیکەی 5000 عێراقی ئێستا لە رووسیا و ئۆکراینان."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ "هیچ ڤیزەیەکی هاتن بۆ رووسیا پەیوەست بەو بانگەشە چەواشەکارانە نادات، تاکە لایەنی رێگەپێدراو بۆ دەرکردنی ڤیزە باڵیۆزخانەی رووسیایە لە بەغدا، لەگەڵ کۆنسووڵخانەکانی رووسیا لە هەولێر و بەسرە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، "باڵیۆزخانەکەمان هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق سەبارەت بە بێلایەنی لە قەیرانی رووسیا - ئۆکراینا و بانگەوازە بەردەوامەکانی بۆ پشتبەستن بە چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لە رێگەی دیالۆگەوە دووپات دەکاتەوە."
باڵیۆزخانەی عێراق رەوەندی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی، "هیچ نوێنەرێکی فەرمیی رێگەپێدراوی نییە، نە لە عێراق و نە لە رووسیا." هۆشدارییش دەدات لە "هەوڵی فریودان یان تێوەگلاندن"ی هەندێک لە هاووڵاتییانی عێراقیی نیشتەجێی رووسیا یان دەرەوەی ئەو وڵاتە، "بە پاساوی جیاواز بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان."
باڵیۆزخانەکە دەشڵێت، "بە تووندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکەین، وریابن و شوێن ئەو چەواشەکارانە نەکەون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ