رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی باس لە پێکدادانی گرووپێکی چەکداری سووریا و حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق - سووریا دەکات و وەزارەتی ناوخۆش رەتی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی جەعفەر محەممەد شەغانبی، فەرماندە لە لیوای حەوتەمی دەستەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "چەکدارەکان لەنێو خاکی سووریاوە تەقەیان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، کە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کراون."
جەعفەر شەغانبی ناوی ئەو گرووپە چەکدارەی نەهێناوە کە گوایە تەقەی کردووە، بەڵکو تەنیا بە (گرووپی تەکفیری) ناوی بردووە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا هۆکاری هێرشەکە روون نییە."
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی، "پێکدادانەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بوون و نزیکەی دوو کاژێر بەردەوام بوون. لە ریزەکانی حەشدی شەعبیدا کوژراو و بریندار نەبووە."
بەڵام هەر ئەمڕۆ، عەمید میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و هیچ پێکدادانێکی لەوجۆرە لە سنوور رووینەداوە."
هاوکات، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە. فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لە هێڵەکانی پێشەوەیە نەوەک حەشدی شەعبی، بۆیە ئەگەر هەر هێرشێکیش بکرێ، سەرەتا پاسەوانی سنوور وەڵام دەداتەوە."
حەیدەر کەرخی گوتیشی، "هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هێڵەکانی پشتەوەن و وەکو هێزی پشتیوانی لە سنوورن. سەرجەم هێڵەکانی سنووریش ئارامن و هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووی نەداوە."
بە گوتەی عەمید حەیدەر، "رۆژانە بە درۆن چاودێری تەواوی سنوورەکانمان دەکەین و لەم دۆخەشدا یەکەکانی پاسەوانی سنوور بە شەو و رۆژ بە سنوورەکاندا دەسوڕێنەوە."
عێراق بە درێژایی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار 618 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ