یەکێک لە دێرینترین راوێژکارەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە کوردە، دەستی لەکاركێشایەوە

05-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سەرۆککۆماری عێراق د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی
A+ A-
روودو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا ماوەیەکە ژمارەیەک بەڵگەنامە لەبارەی خەرجکردنی پارە لە سەرۆکایەتیی کۆمار لەلایەن بەشێک لە میدیا عێراقییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، پێنجەم راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەستی لەکار کێشایەوە، کە کوردە و لە دێرینترین راوێژکارەکانی سەرۆکایەتیی کۆمارە. 
 
رۆژی چوارشەممە 4-10-2023، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری پێشکەوتوو لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند "ناتوانم لە کارکردن لەم دامەزراوەیە بەردەوام ببم." 
 
د. عەبدوڵڵا ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راوێژکارە، نامەی دەستلەکاركێشانەوەکەی بەناوی "هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست" خستووەتە بەردەستی سەرۆککۆمار و داوایکردووە لە رۆژی چوارشەممەوە لە کارەکەی بەردەوام نەبێت.  
 
راوێژکارە پێشکەوتووەکەی سەرۆککۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دەستلەکارکێشانەوەکەم پێشکێشکردووە و کاتێکی دیکە هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەم."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بە د. عەبدوڵڵا عەلیاوەییەوە، ئەمە پێنجەم راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقە لەدوای دەستبەکاربوونی د. عەبدوللەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عێراق (لە 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022ـوەوە) دەست لەکاردەکێشنەوە، پێشتر هەریەک لە؛ د.موەفەق دەرگەڵەیی، د. حەسەن شممەری، د. مونیف شممەری و فەریق عیماد دەستیان لە کارکێشاوەتەوە.
 
ماوەیەکە ژمارەیەک بەڵگەنامەی تایبەت بە خەرجکردنی بڕە پارەی جیاواز لە بەشێک لە میدیاکانی عێراقەوە بڵاودەکرێنەوە، کە پەیوەندییان بە سەرۆکایەتی کۆمارەوە هەیە، لەنێویاندا کڕینی پێنج تابلۆ بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بە بڕی 55 ملیۆن دینار.
 
بەپێی نووسراوێک، کە لەلایەن نووسینگەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە ژمارە 1-4-2087 کە رۆژی دووشەممە، 24-7-2023 دەرچووە، بڕیاری دوورخستنەوەی د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، نوێنەری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دراوە و کەسێکی دیکە بەناوی عیزەدین مەجید محەممەد رەشید، لە شوێنەکەی دانراوە، کە پێشتر جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆماری بووە.
 
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری پێشکەوتوو لە سەرۆکایەتی کۆمار، بەپێی نووسراوی ژمارە (م. ر. ج/1-4-2403) کە لە رۆژی 31-10-2022ـوەوە دەرچووە، بە نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەستنیشانکرابوو.
 
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، لە ساڵی 2006 تاوەکو 2010 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوو، دواتر بۆ ماوەیەک لە کابینەکەی نووری مالیکی کاریکردووە و بۆ ماوەیەکیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقدا بووە، چوار ساڵیش راوێژکاری د. فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق بووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە