رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق سکاڵایەکى کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان، رەتکردەوە کە لەدژى بڕیارێکى سەرۆککۆمارى عێراق تۆماریکردبوو بۆ لەسەرکار لادانى لەو پۆستە.
رۆژی سێشەممە، 31ـى تشرینى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلایی کردەوە، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دادگەکە لە دژى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار تۆماری کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى مەرسوومێکى کۆمارى بۆ لەسەرکارلادانی لە پۆستەکەى.
دادگەى باڵاى فیدڕاڵى راگەیاندووە، هیچ پاساوێک نییە، بۆ ئەوەی مەرسومەکەی سەرۆککۆمار بە "نادەستووری" بزانێت.
رۆژی 9ـی تەمووزى 2023، مەرسوومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی سەرۆکایەتى کۆمارى راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس ساکۆ سەندرایەوە.
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینیی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتیی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە پێش ئێستا ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام زۆربەیان بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ