رووداو دیجیتاڵ
خالید مەفرجی لە کێبڕکێیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک دوورخرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دوورخستنەوەی خالید مەفرجی لە کێبڕکێیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک پەسندکردووە.
ئەحمەد ئەیاد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆن ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر خالد مەفرجی سکاڵای لەسەر بوو، لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسارانەوە دوورخرابووە، بەڵام تانەکەی لە دەستەی دادوەری بوو.
ئەحمەد ئەیاد گوتی، "هەواڵی دوورخستنەوەی خالد مەفرجی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا نووسراوی فەرمی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنمان بەدەست نەگەیشتووە، ئێمەش مامەڵە لەگەڵ نووسراوی فەرمی دەکەین".
خالید مەفرجی، ژمارە دووە لە لیسیتی هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک بە سەرۆکایەتی راکان جبووری، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بوو.
پێشتریش راکان جبووری ژمارە یەکی لیستەکەی بوو لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە و قوتەیبەی کوڕی لە شوێنەکەی دانرا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ