رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای بێجیی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، هەوڵەکان بۆ بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەی سمود بەردوامن. حکومەت دەیەوێت لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا پاڵاوگەکە بکەوێتەوە کار.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "ئەم شوێنە بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە بە تەواوی وێران ببوو، سوپاس بۆ خوا، کۆمپانیای پاڵاوتنی باکوور و وەزارەتی نەوت کەلوپەلەکانی ئەم پاڵاوگەی کۆکردەوە. پڕۆژەکە لە چارەگی یەکەمی ساڵی 2024 دەکەوێتەوە کار. ئەگەر بەرهەمی ئەم پاڵاوگەیە و پاڵاوگەی کەربەلا و شوێنەکانی دیکە کۆبکەینەوە، پشتیوان بە خودا عێراق دەچێتە قۆناخی پشتبەخۆبەستن و بەنزین هاوردە ناکات، دواتر ئەم بەرهەمە گرنگە هەناردە دەکات."
داعش دەستی بەسەر پاڵاوگەکەدا گرت و ساڵی 2015 لە دەستی دەرهێندرا، بەڵام زۆربەی کەلوپەلەکانی پاڵاوگەکە بە تاڵان بران. دواتر بازرگانێکی کورد لە دەستی دوو کڕینەوە و بەمدواییانە رادەستی حکومەت کرانەوە.
ساڵانە عێراق لەنێوان سێ بۆ چوار ملیار دۆلار بەرهەمەکانی نەوت هاوردە دەکات، بەتایبەتی لە ئێرانەوە. ئێستا کار بۆ نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەکەی بێجی دەکات، کە لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا رۆژانە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی دەبێت.
عەدنان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەی باکوور دەڵێت، "بەڵێنمان بە بەڕێز وەزیر دا کە پاڵاگەی باکوور بگەڕێنینەوە سەردەمی بەرهەمی پێشووی، لەگەڵ زیادکردنی یەکەی دیکە و پەرەپێدانیان، بەرهەمەکانیشی هەناردە دەکەین."
پاڵاوگەی سمود لە قەزای بێجی، گەورەترین پاڵاوگەی عێراقە و ساڵی 1978 دروستکراوە، توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی زیاتر لە 300 هەزار بەرمیلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ