سێ هەزار پێشمەرگە دەخرێنە سەر وەزارەتى بەرگریى عێراق

06-03-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ناوى 3692 پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان رەوانەى وەزارەتى بەرگریی کردووە، بەمەبەستى تێکەڵکردنیان لەگەڵ لیوایەکى سوپاى عێراق بۆ پێکهێنانى لیواى هاوبەشی نێوان هەردوولا لە ناوچەى بۆشایی ئەمنى نێوان ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق لە 2ى ئازارى 2022 نووسراوێکى ئاڕاستەى وەزارەتى بەرگریى کردووە و تیایدا ئاماژەى بەوەداوە کە ناوى 3692 پێشمەرگەیان بۆ دەنێرن کە پرۆسەى وردبینیی ئەمنییان تێپەڕاندووە و هیچ ئاماژەیەکى ئەمنییان لەسەر نییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازییەوە.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان داوایکردووە کە رێوشوێنەکان تەواو بکرێن بۆ پێکهێنانى دووەم لیواى هاوبەش.
 
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ ئەو پێشمەرگانە لەگەڵ هێزێکى دیکەى هاوژمارەى سوپاى عێراق پێکەوە دەکرێنە لیوایەکى هاوبەش کە مووچەیان سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق دەبێت.
 
جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە ئاماژەى بەوەکرد، دوای وەرگرتنى رەزامەندییە پێویستەکان، ئەو لیوا هاوبەشە مەشق و راهێنان ئەنجام دەدەن و دواتر لەو ناوچانە دەستبەکاردەبن، کە بۆشایین لە نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراق.
 
ساڵى 2020 هەردوو وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و بەرگریی عێراق رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى چوار ناوەندى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش لە کەرکووک، موسڵ، قەزاى مەخموور، خانەقین، بەڵام پێکهێنانیان کەوتە ساڵى 2021 کە ئامانج لێى پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنیی ناوچەکانی نێوانیان بوو، دواتر هەردوولا رێککەوتن لەسەر دروستکردنى دوو لیواى هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ ئەو ناوچانە.
 
لە 16ى شوباتى 2022 شۆرش ئیسماعیل، وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند؛ رێکارەکانى پێکهێنانى ئەو دوو لیوا هاوبەشە لەلایەن وەزارەتەکەیەوە کۆتایی هاتووە، ئەوەى پێکهێنانى دواخستوون، کێشەى تەکنیکییە لەلایەن وەزارەتى بەرگریى عێراقەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە