پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پێدانی زەوی بە دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە کشتوکاڵی و ڤێتەرنەرییەکان دەکات

06-03-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسایەک دواخست و خوێندنەوەشی بۆ پێنج پرۆژەیاسا کرد. بەپێی یەکێک لە پرۆژەیاساکان، زەوی کشتوکاڵی دەدرێتە دەرچووە دانەمەزراوەکانی کۆلێژ و پەیمانگەکانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەریی. 
 
رۆژی دووشەممە 6ی ئاداری 2023، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 179 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی  پەرلەمان کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکی و کیمیایی و بایەلۆژی دواخرا. هەروەها خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای رێکخستنی مافی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب کرا.
 
هەر لە دانیشتنەکەدا خوێندنەوەی دووەم بۆ چوار پرۆژەیاسای دیکە کران کە بریتین لە: پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و ئیمارات. پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی دوورکەوتنەوە لە دوو باجی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەبارەی باجی داهات و سەرمایە لە نێوان عێراق و ئێران. پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای رێکخستنی بەکرێدانی زەوی کشتوکاڵی و بەناوکردن و مافی مامەڵەکردن پێوەی لەلایەن دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەریی. پرۆژەیاسای ئیدارەی سەرچاوەکانی بۆماوەیی ئاژەڵی. 
 
زۆزان عەلی، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 06-03-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەردوو پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای رێکخستنی بەکرێدانی زەوی کشتوکاڵی و بەناوکردنی و مافی مامەڵەکردن پێوەی لەلایەن دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەریی و پرۆژەیاسای ئیدارەی سەرچاوەکانی بۆماوەیی ئاژەڵی لەلایەن لیژنەی کشتوکاڵەوە ئامادەکراوە. 
 
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "پرۆژەی یەکەم زۆر گرنگە، دەرچووانی دانەمەزراوی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و ڤێتەنەریی زەوییان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی پرۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی تێدا بکەن، پێشتر تەنیا بۆ دەرچووانی زانکۆ بوو، بەڵام بەپێی هەموارکردنەکە دەرچووانی پەیمانگەکانی کشتوکاڵ و ڤێتەرنەریش دەگرێتەوە." 
 
وەک زۆزان عەلی دەڵێت، "دەبێت دەرچووانی دانەمەزراو پرۆژەیان هەبێت بۆ کاری کشتوکاڵی یان ئاژەڵداریی. بەمەش هەلی کار بۆ دەرچووان دەڕەخسێنێت. هەروەها پرۆژەیاسای دووەمیش بۆ پاراستنی جیناتی ئاژەڵی خۆماڵییە لە عێراقدا." 
 
هەروەها بەگوتەی محەممەد حەلبووسی، سبەی سێشەممە جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.

شیعە چاوەڕێی سوننەیە؛ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان دەدرێتە عەسائیب؟

چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن سوننەکانەوە دەکات، بۆ ئەوەی پشکی خۆی کە جێگری یەکەمە دیاری بکات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوەن پۆستەکە بۆ "عەسائیبی ئەهلی حەق" دەبێت.