گفتوگۆى نێو دادگەى فیدراڵى؛ لەبارەی جیاوازیی کورسییەکانی هەولێر و سلێمانی چی گوترا؟

06-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گفتوگۆى نێوان سکاڵاکار و سکاڵالێکراوان لەسەر تانەکانى سەر یاساى پەرلەمانى کوردستان لە دادگەى فیدراڵى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى زیاترى کورسییەکانى پەرلەمان بووە.
 
سکاڵاکار کە سەرۆکى پێشووى فراکسیۆنى یەکێتى بوو دەڵێت، بەگوێرەى دەستوور پەرلەمانی کوردستان دەبێت 44 کورسی بێت. دەشڵێت لە دوایین هەڵبژاردن، سلێمانى شەش کورسی کەمتر لە پشکى خۆى و هەولێر پێنج کورسی زیاترى بەرکەوتووە، سکاڵالێکراویش تۆمەتباری کردووە بەوەى خۆى و پارتەکەى سوودمەندى ئەو یاسایە بوون، کە تانەیان لێداوە. 
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى دەقى نووسراوى فەرمیى بڕیارەکانى بۆ هەڵوەشاندنەوەى چەند مادەیەکى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردەوە، بەو گفتوگۆیانەشەوە کە لەنێوان سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوان لە دانیشتنەکانى دادگە کراون.
 
ئەو بڕیارە پێشتر بە زارەکى لە 21ى شوباتى 2024 لەلایەن جاسم عمێرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى خوێندرایەوە، بەڵام بە فەرمى بڵاوی نەکردەوە.
  
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکرابوو لە دژى پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەت بوون بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
سکاڵالێکراو؛ سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوون، بەڵام دادگە سکاڵاى سەر دوو پۆستەکەى دەسەڵاتى جێبەجێکردنى رەتکردووەتەوە بەوپێیەى بەشێک نین لەو ناکۆکییە یاساییە.    
 
بەگوێرەى بڕیارەکە لایەنى سکاڵاکار، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەى بەوەداوە، بەگوێرەى بڕگەى یەکى مادەى 49ى دەستوورى عێراق، هەر کورسییەکی پەرلەمانی بەرامبەر بە 100 هەزار دانیشتووان دیاریکردووە. بەو پێوەرە دەبێت ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان 44 کورسی بێت، 18 کورسی بۆ سلێمانى، 15 کورسی بۆ هەوڵێر، 11 کورسی بۆ دهۆک بێت، بەڵام یاسادانەرانى پەرلەمانى کوردستان ئەو بنەمایەیان پشتگوێخستووە. 
 
سکاڵاکار ئەوەى خستووەتە بەردەم دادگە کە ئەگەر پشت بە دابەشکاریى 111 کورسییەکەى پەرلەمانى کوردستان ببەستێت دەبێت 45 کورسی بۆ سلێمانى، 39 کورسی بۆ هەولێر و 27 کورسی بۆ دهۆک بێت لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنى ساڵى 2018ى پەرلەمانى کوردستان، سلێمانى 37 کورسی هەبووە، کە کەمتر بووە لە پشکى خۆى، هەولێر 44 کورسی بەدەستهێناوە لەبرى 39 کورسی و دهۆکیش 30 کورسی بەدەستهێناوە لە برى 27 کورسی، کە زیاتر بوون لە پشکى خۆیان.
 
بەپێى پاساوى سکاڵاکارەکە بێت، لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان سلێمانى شەش کورسی لە پشکى خۆى کەمتر پێدراوە، لەکاتێکدا هەولێر پێنج کورسی و دهۆک سێ کورسی زیاترى لە پشکى خۆى پێدراوە.
     
لەبارەى کورسی کۆتاکان کە لە مادەى 36ى دووبارە هاتووە و تانەیان لێدراوە، سکاڵاکار ئاماژەى بەوەداوە، دیاریکردنى ئەو کورسییانە بەو شێوەیە بنەماى هاوسەنگى دەرفەتى تێدا نەبووە، کە وایکردووە نوێنەرى کریستیان و تورکمانەکانى سنوورى سلێمانى لە پەرلەمانى کوردستان نەبن. 
 
نوێنەرى یاسایی سکاڵالێکراو لە دانیشتنەکانى دادگە ئاماژەى بەوەداوە، بەگوێرەى پێوەرى سکاڵاکارەکە بێت ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمانى کوردستان دەبێت 44 بۆ 45 کورسی بێت، زیادکردنى کورسییەکان بۆ 111 کورسی واىکردووە رێژەى نوێنەرایەتیکردن زیاتر بێت. 
 
لە بەشێکى دیکەى وەڵامى نوێنەرى یاسایی سکاڵالێکراواندا هاتووە، کە سکاڵاکارەکە سەرۆکى فراکسۆنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بووە لە پەرلەمانى عێراق و سوودمەند بووە لەو مادەیەى خۆى تانەى لێداوە، هەر بەگوێرەى ئەو یاسایەش بووەتە ئەندامى پەرلەمان لەکاتێکدا بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى دادگەى باڵاى فیدراڵى، نابێت سکاڵاکار تانە لە یاسایەک کە خۆی لێی سوودمەند بووبێت.
 
سکاڵالێکراوان ئاماژەیان بەوەداوە بەگوێرەى هەمان یاساى هەڵبژاردن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پارتى سکاڵاکارەکەیە سوودمەند بووە و بەهۆیەوە 21 کورسی پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە.

 

   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی داواکاری گشتیی لە بەرلین

داواکاری گشتیی بەرلین بۆ رووداو: هاووڵاتییەکی عێراقی تۆمەتباری دزییەکی گەورەی دزینی زێڕ و خشڵی دیکەیە

داواکاری گشتیی بەرلین دەڵێ، هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە دزینی خشڵ و کاتژمێری گرانبەها بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ تۆمەتبار دەکرێ، لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە. بە گوتەی داواکاری گشتی، دیار نییە تۆمەتبارەکە عەرەبە یان کورد یان چ نەتەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی نییە.