رووداو دیجیتاڵ
حیزبە کریستیانەکانی باشووری کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە یەک لیست، کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا بڕیارمان نەداوە بە یەک لیست بچینە نێو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، یان هاوپەیمانی پێکبهێنین.
رۆمیۆ هەکاری گوتی: "هەندێک حیزبی کلدانی بڕیاریان داوە هاوپەیمانێتییەک دروست بکەن، بەڵام چوار حیزبە سەرەکییەکە هێشتا بڕیاری خۆیان نەداوە."
ئەو حیزبانەی کە رۆمیۆ هەکاری پێیوایە سەرەکین ئەمانەن: پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، حیزبی ئیتیحادی بەیت نەهرەینی نیشتمانی، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و مەجلیسی شەعبی كلدانی سریانی ئاشووری.
سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا دیارنییە کە کۆتای پەرلەمان چەندە و چۆن دەدرێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی ئەو پرسەین و دواتر لەنێو خۆماندا کۆدەبینەوە و بڕیاری کۆتایی دەدەین."
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ