رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژانى جەژنى قورباندا نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەردەوام دەبێت. ماوەى ئەو تۆمارکردنە 10رۆژى دیکەى ماوە و بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەى پێویستى بە بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانە.
رۆژی پێنجشەممە پێنجی حوزەیرانی 2025، موهەنەد سەڕاف، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، لە رۆژانى جەژنى قوربان نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەردەوام دەبێت و راناگیرێت.
رۆژانی شەش تاوەکو 10ـی حوزەیران، پشووى جەژنى قوربانە لە عێراق و هەرێمى کوردستان. تاوەکو چواری حوزەیران زیاتر لە 1.8 ملیۆن دەنگدەر تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، بە تێکڕا ژمارەى ئەو دەنگدەرانەى تاوەکو چوارشەممە دەتوانن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەشداربن، گەیشتووەتە زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر.
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و تاوەکو 15ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
موهەنەد سەڕاف گوتى: "تاوەکو ئێستا دووجار ماوەى تۆمارى دەنگدەران درێژکراوەتەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەى یان راگرتنى دەبێت ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیار بدات".
تاوەکو چوارشەممە زۆرترین نوێکردنەوەى دەنگدەران لە بەغدا بووە کە 395 هەزار و 592 دەنگدەر بوون، نەینەوا لە ریزبەندى دووەم بووە بە 256 هەزار و 612 کەس.
هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندیى یەکەمدا بووە و 126 هەزار و 522 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان نوێ کردووەتەوە، سلێمانى بە 92 هەزار و 926 نوێکردنەوە.
بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمان، کە لە 11ـی تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە 18 بازنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ