رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند مانگێک لە کۆتاییهاتنی گرێبەستی پێشوویان لەگەڵ تورکیا و راگیرانی هاوردەی کارەبا لەو وڵاتەوە، وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، "لە ئەمڕۆوە هێڵی گواستنەوەی کارەبای تورکیا - عێراق لە 300 مێگاواتەوە بۆ 600 مێگاوات بەرز کراوەتەوە."
بە گوتەی زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق، "ئەم زیادکردنەی بڕی هاوردە، هاوکار دەبێت لە سەقامگیرکردن و زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەدین."
جەزرە - کەسیک، هێڵی گواستنەوەی کارەبایە لە تورکیاوە بۆ عێراق.
زیاد عەلی فازل دەڵێت، "وەزارەتەکەمان رێکارە تەکنیکییەکانی زیادکردنی بڕی هاوردەی کارەبای تەواو کردووە و کار بە سیستمی Take and Pay دەکرێت."
وەکو وەزیرى کارەبای عێراق ئاماژەی پێدەکات، "بە جێبەجێکردنی ئەو سیستمە، بەگوێرەی بەکارهێنانى بڕى کارەبای هاوردەکراو تێچووەکەى دەدرێت، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆئەوەی پارەی زۆر بەهەدەر نەدرێت."
زیادکردنی بڕی هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە دوای ئەوە هات، رۆژی 4ی ئەم مانگە، وەزیرى کارەبای عێراق و نوێنەرانى کۆمپانیای (Alifrin) ی تورکی گرێبەستێکیان واژۆ کرد.
ئێستا عێراق توانای بەرهەمهێنانی 27 بۆ 28 هەزار مێگاوات کارەباى هەیە، بەڵام لە کاتی گەرمای زۆردا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ