مالیکى بۆ کۆمیسیۆن: رێگە نەدەن ئەوانەى بانگەشەیان بۆ بەعس کردووە لە هەڵبژاردن بەشدار بن

06-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا داوا لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى دەکات، رێگرى بکەن لە بەشداریکردنى بانگەشەکارانى حیزبى بەعس لە هەڵبژاردن و دەڵێت، "دەستوور ئەوانەی قەدەخە کردووە."
 
ئەو داوایەى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا لە نووسینێکدا بوو کە ئەمڕۆ هەینى 6ى حوزەیرانی 2025 لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە.
 
مالیکى دەڵێت، "پێویستە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و دەستەى لێپرسینەوە و دادوەری، بەپێی دەستووری وڵات وردبینی لە پاشخانی بەربژێر و پارتەکاندا بکەن، بۆ مسۆگەرکردنی پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن و ئاشکراکردنی ئەوانەی تێوەگلاون لە بانگەشەکردن یان رێگەخۆشکردن بۆ بیروباوەڕەکانی حیزبی بەعس؛ هەربۆیە دەبێت وردبینی لە خۆبەربژێریکردن یان بەشداریکردنی هەر کەسایەتی و قەوارەیەک بکرێت کە دەکەوێتە چوارچێوەی قەدەخەکراوە دەستوورییەکانەوە."
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، ئەو بەربژێرانە ناتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن کە یاسای لێپرسینەوە و دادوەرى دەیانگرێتەوە و بەرپرسیارێتى باڵایان لە حیزبى بەعسدا هەبووە. بۆ ئەو مەبەستە ناوى بەربژێران بۆ دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى، بۆ وردبینیکردنى دۆسیەکانیان دەنێردرێت.
 
نووری مالیکى رایگەیاند، "مادەی 7ى دەستوور هەموو قەوارە و ئاراستەیەکی قەدەخە کردووە کە پاڵپشتی لە رەگەزپەرستی یان تیرۆر بکات، یان هانی بدات و رێگەی بۆ خۆش بکات و ستایشی بکات، بەتایبەتی بەعسی سەدامی."
 
بڕگەى یەکەمى مادەى 7ى دەستوور ئاماژەى بەوە داوە کە رێگرى دەکرێت لە هەر گرووپ و ئاراستەیەک کە رەگەزپەرستى، تیرۆر و تەکفیرى بێت یان بانگەشە بۆ حیزبى بەعس بکات و ئەوە لە فرەیی سیاسیى عێراق جێگەى نابێتەوە.
 
لە 25ى ئایارەوە دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی پارت، هاوپەیمانییەتییەکان، بەربژێرانی سەربەخۆ و کۆتاکان کراوەتەوە و تاوەکو 24ى حوزەیران بەردەوام دەبێت؛ دواى ئەوە قۆناخى وردبینى لە دۆسیەى بەربژێران دەستپێدەکات.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی خولى نوێى پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە