رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هێشتا وردبینی ناوی بەربژێرەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواو نەکردووە و دەڵێت، ناوەکان زۆرن. گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە جەخت لەوەدەکاتەوە، دەرگا بۆ گۆڕینی هیچ بەربژێرێك ناکرێتەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوی بەربژێرەکان زۆرە، بۆیە هێشتا کۆمیسیۆن وردبینیی ناوەکانی تەواو نەکردووە و پرۆسی وردبینییەکە بەردەوامە و کاتی پێویستە.
نزیکەی 7900 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. رۆژی چوارشەممەی رابردوو عیماد جەمیل بە رووداوی گوت، لە دوو رۆژی دیکە وردبینیی ناوی بەربژێرەکان تەواو دەکەن و دواتر بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەنێرن.
لە 25ی مانگی ئایاردا دەرگای پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان کرایەوە و رۆژی 26ی مانگی رابردوو دوایین وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرەکان.
عیماد جەمیل گوتی، دوای تەواوبوونی وردبینییەکەیان، کۆمیسیۆن ناوەکان بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتیشی، "پێویستە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە لە 15 رۆژدا وەڵامی کۆمیسیۆن بدەنەوە، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرەکان پەسند دەکات، کۆی گشتیی پرۆسەی وردبینییەکان بە گوێرەی خشتەی کاری کۆمیسیۆن نزیکەی یەک مانگ دەخایەنێت".
هەر لەوبارەو جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمیسیۆن دەرگا بۆ دەستکاری، یاخود گۆڕینی هیچ بەربژێرێک ناکاتەوە".
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ