رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە زیاتر لە 700 فڕۆکە، ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن، کە داهاتەکەی بۆ عێراق زیاتر لە 9 ملیۆن دۆلارە، بەڵام هەرێمی کوردستان هیچ پشکێکی لەو داهاتە بەرناکەوێت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە (6ـی تەممووزی 2025)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی ئەو فڕۆکانەی رۆژانە ئاسمانی عێراق بەکاردەهێنن، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ لە رابردوودا رۆژانە لەنێوان 300 بۆ 350 فڕۆکە بوو، بەڵام ئێستا بۆ زیاتر لە 700 فڕۆکە بەرزبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کرێی تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی عێراقدا 450 دۆلارە. هەرچەندە گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئامادەنەبوو لەسەر ئەم نرخە قسە بکات، بەڵام پێشتر حوسێن شبلی، وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراق، لە ساڵی 2020دا نرخی 450 دۆلاری پشتڕاستکردبووەوە. بەم پێیە، داهاتی رۆژانەی عێراق لەم بوارەدا دەگاتە نزیکەی 315 هەزار دۆلار، کە مانگانە دەکاتە 9 ملیۆن و 450 هەزار دۆلار.
لەو بارەیەوە، لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، کە هاوکات بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (فلای ئەربیل)ـە، بە رووداوی گوت: "زۆربەی ئەو فڕۆکانە بە ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک بە هەرێمی کوردستان نادرێت."
لاوەند مەموندی هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەڕێوەبردنی ئاسمان و کاروباری فڕۆکەوانی بەپێی دەستوور، دەسەڵاتێکی فیدراڵییە و سەرجەم داهاتەکەشی بۆ حکومەتی فیدراڵی دەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ