گوتەبێژی سوودانی بۆ رووداو: گۆڕانکاری لە وەرگرتنی قوتابییان لە کۆلێژە سەربازییەکان دەکرێت

06-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، چەند گۆڕانکارییەک لە پڕۆسەکانی وەرگرتنی قوتابییان لە پەیمانگە و کۆلێژە سەربازییەکاندا بکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرماندەی گشتی بڕیاریداوە سەرجەم حاڵەتەکانی هەڵاوێرکردن لە پڕۆسەی وەرگرتنی قوتابییان لە کۆلێژ و پەیمانگە سەربازی و ئەمنییەکاندا هەڵبوەشێنێتەوە."
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان گوتی، "بڕیارەکە بەوجۆرەیە کە دەسەڵاتی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ لەو پڕۆسەیەدا نامێنێت، بەڵکو کێبڕکێ بەپێی یاسا، رێکار و پێوەرەکان دەبێت، بۆ ئەوەی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان ئەو کەسانەدا بەدی بهێنرێت کە خۆیان تۆمارکردووە و بوار بە هیچ گەندەڵییەک نەدرێت."
 
بڕیارەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی بەرگری کراوە؛ سوودانی لە نووسراوەکەدا، دەستەی دەستپاکی و دیوانەکانی چاودێری راسپاردووە، بۆ ئەوەی چاودێری هەر حاڵەتێکی نایاسایی لە پڕۆسەکانی وەرگرتنی قوتابییان بکەن.
 
وەک گوتەبێژەکەی سوودانی دەڵێت، "ئەم بڕیارە رۆڵی ئەکادیمیا سەربازییەکان لە خزمەتکردنی وڵات بەرزتر دەکاتەوە و بەهایان بۆ دەگەڕێنێتەوە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەم بڕیارەی سوودانی لە کاردانەوەی ئەو رووداوەیە رۆژی 21ی ئایاری ئەم ساڵ، لە کۆلێژی سەربازیی چوارەمی ناسریە روویدا، کە بەهۆیەوە 9 خوێندکاری نوێ بەهۆی زۆر مانەوەیان لەبەر تیشکی خۆر تەندروستییان تێکچوو و دواتر دووانیان گیانیان لەدەستدا.
 
ناسر غەنام، کە ئەوکاتە سەرۆكی ئەكادیمیای سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق بوو، ئەمڕۆ لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک لەبارەی بڕیارەکەی سوودانی رایگەیاندووە، "زۆر بە بەرپرسیارانە دەستتان خستەسەر بنەماکانی گەندەڵی کە تێکەڵ بە میکانیزمی وەرگرتنی قوتابییان لە کۆلێژە سەربازییەکان ببوو، هەر ئەوەش هۆکاری راستەوخۆی ئەو رووداوانە بوون کە لەنێو کۆلێژی چوارەمی سەربازی لە پارێزگای زیقار روویاندا."
 
لەبارەی ناسر غەنامەوە، سەباح نوعمان گوتی، "ئەو لە دوای رووداوەکەی ناسرییە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش کرد و لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە پەسند کرا، سەرجەم کەمتەرخەمەکانی رووداوەکەش رەوانەی دادگەی سەربازی کران و لێکۆڵینەوەیان لێکرا، دواتر کەمتەرخەمە سەرەکییەکان سزادران."
 
ناسر غەنام لە پۆستەکەیدا دەڵێت، "ئەو لیژنەیەی وەرگرتنی قوتابییان کە من سەرۆکایەتیم دەکرد، بە تەواوی و وشە بە وشە پابەندبوو بە رێنماییەکانی بەرێزتان، کە جەختی لەسەر پشتبەستن بە پێوەرە پیشەیی و پاک و روونەکان دەکردەوە لە پرۆسەی وەرگرتندا، بەدوور لە هەر دەستوەردانێک."
 
غەنام لەبارەی سیستمی ئەوکاتی وەرگرتنی قوتابییان لە کۆلێژی سەربازی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەوکات رووبەڕووی هەوڵگەلێک بووینەوە بۆ سەپاندنی چەند ناوێک لەسەر حیسابی ئەوانەی شایستە بوون، بەجۆرێک ژمارەیەکی زۆر لەو پێشکێشکارانەی کە چاوپێکەوتنەکانیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندبوو، دوورخرانەوە و بە کەسانی دیکە گۆڕدرانەوە کە لە چاوپێکەوتن دەرنەچووبوون و هەندێکیشیان لە پشکنینی پزیشکی دەرنەچووبوون، کەچی بەشێوەیەکی نایاسایی و پێچەوانەی هەموو پێوەرەکان، ناویان لە لیستی وەرگیراواندا تۆمارکرا."
 
هەر رۆژی 21ی ئایار و دوای رووداوەکە، سابت محەممەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بەهۆی "کەمتەرخەمی و پشتگوێخستن"ـەوە، فەرمانی لەسەرکارلادانی هەریەک لە راگری کۆلێژی سەربازیی چوارەم و فەرماندەی فەوجی تایبەتی لە زیقار دەرکرد.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی تەندروستیی قوتابییەکان، زۆر مانەوەیان بووە لەبەر خۆر، کە بووەتە هۆی وشکبوونەوەیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە