رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 3000 خێزانی ئاوارەی گەڕاوە هێشتا ئەو چوار ملیۆن دینارەیان وەرنەگرتووە کە وەک هاندانێک بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان بڕیاری پێدانی دراوە. بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ ئاوارەکان دەرچووە، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە خەرجکردنی دواکەوتووە.
عەلی عەباس جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای دەرچوونی بڕیارەکەوە زیاتر لە 13 هەزار خێزانی ئاوارە چوار ملیۆن دینارەکەیان وەرگرتووە، بەڵام زیاتر لە 3000 خێزانی دیکەش ماون وەری بگرن."
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ نەبوونی نەختینەی دارایی گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقن بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست؛ گوتیشی، "هەر کاتێک وەزارەتی دارایی پارەکەی خەرج کرد، ئێمە دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکە دەکەین."
بودجەی ساڵانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق 276.9 ملیار دینارە کە 15.9 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەیە.
بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران سێ بژاردەی خستووەتەڕوو، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە بۆ زێدی خۆیان، هەڵبژاردنی شوێنێکی دیکە لە عێراق، مانەوە لەو پارێزگایەی تێیدا نیشتەجێن، بەو مەرجەی کەمپەکان جێبهێڵن و وەک دانیشتووی ئەو پارێزگایە تۆمار بکرێن.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان هێشتا 22 کەمپی ئاوارە ماون کە نزیکەی 18 هەزار خێزانی ئاوارە تێیاندا نیشتەجێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ